تابلوسازی رضا
گفتگو

ووتوێژ له‌گه‌ڵ خالید حەیدەری

شادی شەریفزاده

سڵاو و رێزی تایبەت ڵە خزمە ت کاک خالید حەیدەری خۆشە ویست ،شانۆگەری ماندوونەناسی شارە کەمان ،سپاس و پێزانین ڵە خزمەت ئێوە ی ئازیز کە کاتی خۆتان بۆ خوێنەرانی گۆڤارەکەمان تەرخان کرد.

پێشەکی کورتە باسێکمان لە ژیانی خۆتان بۆ باس که ن(سالی ڵە دایک بوونو شوێنی ڵە دایک بوونتان)
سڵاو و رێز بۆ جەنابت خاتوو شەریفزادە و هاورێیانی ئازیز، هیوادارم ئەم حەوڵو و ماندو بوونەتان ببێتە داری بەری بۆ هۆگرانی فەرهەنگ و هوونەری کوردی و ڵە دەوڵەمەند کردنی کەلەپوور و بەرهەمی هوونەری شارەکمان دا چاڵاک و پێشرەو بن.
من خالید حەیدەری، رێبەندانی ساڵی ١٣٣٧ ڵە خیابانی سەقز،ڵە شاری بوکان لە دایک بوم.

سەرەتای منداڵیتان چۆن دەست پێکردو ئاستی خوێندەواریتان چەندە؟
وەک هەمو مناڵانی ئەو سەردەمە بەیانی قوتابخانه، دوانێوەرو کوچەو کوڵان و یاری جۆراوجۆر، خەون و خوڵیای مناڵ لە کایە وهەڵبەزودابەزی رۆژانە دا خۆی دەردەخا، منداڵی قوناغێکی هەستیارە، نەفسی بەرزو باوەربەخۆبوون، سەروەتێکە بۆ درووست کردنی داهاتوو، با ئەمەش بڵیم، ئەو سەردەمە مناڵ زور بوون کەس بەدوای داواکاری مناڵ دا نەدەچو، ئەمرۆ بە پێچەوانەوە مناڵ کەم بۆتەوە یەکەم داواکاری هی مناڵە کە بەخیرایی جێ بەجێ دەکرێ..
ئاستی خوێندەواری، من ‹›دانشسرای مقدماتی …›› واتە یانەی زانستی پەروەردەم لە ساڵی ١٣۵٧تەواوکردووە و ڵە بواری شانۆدا زانست نامەی دەرهێنەری شانۆم ڵە رێکخراوی زانستگه رەسام هونەری تاران لە ساڵ ١٣٧۵ وەرگرتووە.

چۆن بوو چوونە کاری شانۆ ،شانۆتان هەڵبژارد و هۆکاری ئەو هەڵبژاردنە تان چی بوو؟
ساڵی ١٣۵۴ ڵە دەبیرستان کورش کبیری بۆکان بە بۆنەی سازکردنی رۆژنامەی دیواری چوومە دونیای وشە و نوسین، دیارە بو لاوێکی تەمەن حەفدە ساڵ کاری ئاوا هەست بزوێن و یەک دەنگ و پڕ ڵە شێعرو ڕەنگ کە بریارە هەڵواسرێ و هەموو بیبینن، تام و چێژی تایبەتی هەیە، دوای ماوەیک خولانەوە لە کلاسەکانی هونەری، لە ژوری شانۆ داگیرسامەوە تا کوتاێی مامەوە و بومە مشتەری رۆژانەی کلاسی شانۆ …
ئەوەی راست بی، ڵەو تەمەنە دا تو هەڵ نابژێری، ئەوە هەستێک، حەزێک یا خۆزگەیەکە تۆ بەرەو ئاوێنەیەک دەبا کە جوانترین وێنەی خۆتی تیا ئەبینی و بەگەرمی باوەشی بۆ ئەکەیتەوە تا وردە وردە هەست و حەز تیکەڵاوی زانست و تێگەیشتن ببن.

شی کردنەوەیێکمان سەبارەت بە شانۆ و شانۆگەری بۆ بدەن بێ زەحمەت؟
بۆ باس لەسەر شانۆ و شانۆگەری، کورت و موختەسەر بڵیم، شانۆ، سەر بە ئاپۆرە، واتە وەک دەزگا یا بنکەیەکی کومەڵایەتی بیرو هەست و ئەندیشە بەرهەم دێنێت، بەو ئامانج و ئاواتە کە لە هەمو بوارەکاندا توانای بەخشینی ئاگاهی و هۆشیاری بە کومەڵگا ببێت.
ئەوە شانۆکارە کە هەست بە زامی شاراوەی ژێر پیستی کۆمەڵگا دەکات و هەوڵ ئەدا بە شێوازیک هەونەری باسی ئەم زامە پکات، تا کۆمەڵگا و بەرپرسان ئاگادار کاتەوە پێش ئەوەی چڵک و بۆگەنی زام وڵات داگرێت.
شانۆ و هەموو هونەرکان ، هەرکام بەجۆریک گەشە نەشە بە رەوان و رۆحی مرۆڤ دەبخشن، هونەر خۆراکی دەروونە و بێ ئەو بەشێک لە رەوان دوچاری تەنگووچەڵەمە دەبێت ومرۆڤ چێژی راستەقینە لە ژیان وەرناگرێت.

ڵەسەر ئاستی شاری بۆکان ،شانۆ و شانۆ گەری چۆن دەبینن؟
ئەم پرسیارە هەویرێکە ئاوی زور دەوێ لە دەرفەتێکیکەدا پێم خۆشە باسی بکە م.

یەکەم جار ڵە چە تەمەنێک شانۆگەریتان دەست پێ کرد و یەکەم بەرهەمتان نێوی چی بوو؟
سالی ١٣۵۴ لە شانۆی «بامها و زیربامها « شانۆنامەی نووسەری ناودار دوکتۆر غوڵامحسین ساعدی دا، مەئموریکی روسی بووم کە ماڵ بە ماڵ لە مەشروتەچیەکان دەگەرام ، رۆڵیکی کورت وکەم بو، بڵام کاریگەریی وا دور و درێژی بوو کە منی بەکاک برایمی فەڕشی تەنیا مامۆستای شانۆی ئەودەمەی بۆکان گەیاندوو ئەو شانازیەم پئ بەخشرا لە کلاسی ئەو بەرێزە شانۆ فێر بم.

باسمان ڵە کەموو کوریەکانی شانۆ لەشاری بۆکان بۆ بفەرموون؟(تا ئێستا بریار بووه ڵ لایە ن حکومە تەوە چی بکرێت بۆ شانۆ ک تا ئێستا نەکراوە )
کەمووکۆری زۆرە، نەک هەر لە بۆکان، شانۆی وڵات حاڵی باش نیە، گەمارۆی ئابوری و قەیرانی کرۆنا، تەواوی ساڵونو ماڵی شانۆی داگرتووە، کەموو کۆری بەرچاو دەگرێتەوە سەر باسی ماڵی و ئابوری شانو ، ئەگر پار و پێرار گرووپێک بۆ شانۆیەکی چوار پێنج نەفەرە بە دوو مانگ راهێنان و تەمرین دوو تا سێ مێلیۆنی خەرج بوبایە، ئێستا دەبێ پێنج تا شەش مێلیۆنی بۆ دانێت، دەی ئەم پارەیە کێ دەی دات؟ دەوڵەت دەڵێ بڕۆ بلیت بفرۆشە، دەی ئەگەر هەر رۆژی سەد بلیتی دە هەزارتمەنی بفرۆشری دەبیتە رۆژی یەک مێلیۆن، هیچ شانۆیەک ڵە بوکان، ناتوانێ لە سە رۆژ تێپەر کات، مەگەر بینەری تایبەتی هەبێت. جا ئیوە بۆم پەیدا کەن، ورکەنان فروش !!

ڵەسه ر ئاستی شاری بۆکان و دەوروبەری ڵە ئێستا دا چەند گروپی شانۆمان هەیە و کام یێک لەو گروپانە ئێستا سەرقاڵ بە ئامادە کردنی بەرهەمن ؟
سێ گرووپیم یاسایی هەیە کە لە وەزارەتی فەرهەنگ وئیرشاد ئیجازە نامەیان هەیە و نزیک بە دە گرووپی نا یاساییش هەن کە زۆربەیان لاون و هەر گرووپی بە شێوازێک بە دوای ئەزموونو راهێنانن

کۆرۆنا و ئەو بارودۆخه ی ئێستا تا چەند توانیویەتی شوێن دانێت لە ئیشو کاری ئێوه؟
کرۆنا قەێرانیکی بێرەحم و خەسارێکی گەورە بوو کە کۆمەڵگای جیهانی راچڵەکاند و خەمباری کرد، هیوا دارم بەزوویی بەرۆکمان بەردات تا بتوانین بەرانبەر بە بەردەنگ هەناسەکانمان بگوازینەوە و باوەش بۆ یەک پکەینەوە..
تەنیا ئەوە بڵێم کە وەک» گروپی شانۆی کوچک بۆکان› دە مانگە «ڤیستیواڵی شانۆی تاکە کەسی بۆکان» نمان بە دەستەوەیە کە سەرجەم کاری دو مانگە بڵام بە بۆنەی کرۆناوە تا ئێستا جێ بە جێ نەکراوە.

چە پیشنیارێک یان داخوازیێکتان هەیه بۆ ئەوە ی بواری شانۆ بەرەو باشتر بچێت لەسەر ئاستی شارو تەنانەت پارێزگا و نێودەولەتیشەوە؟
_ بیشنیاری زور باس کراوە، تەنانت لە رێگای میدیاکان و نامەی روون بۆ کاربەدەستانی وەزارەت، بەڵام ئەمرو کە بارودۆخەکە لەبار نیە کەس گوێ بۆ پیشنیار راناگرێ. زورتر گەرەکیانە وێژەر بن تابێسەر.

کتێبێک یان بوارێکی زانستی کە بتوانێت یارمەتی دەر بێت بۆ ئەوە ی شانۆ و شانۆگەری بناسرێت و کۆمەڵگا سودی لێ وەربگرێت؟
بۆ کۆمەڵگا گەورە ترین سوود لە شانۆ بینینی شانۆیە، لەم رێگایەوە هەم دونیایەکی جیاوازی بینیوە، کە بەستە بەنەوعی شانۆکە تامو چێژی خۆی هەیە، هەم بەم جۆرە یارمەتی شانۆ کارانی داوە کە لە کارەکەیان دا بەر دەوام بمێنن، لە راستیدا شانۆ بە بینەر زیندووە، وەک ماسی بەئاو.

ئاستی خوێندە وه ی خۆتان ڵە پەنا کارو باری ڕۆژانە تان چۆنە، ئایا خوێندنەوەتان هەیە؟
مەگەر دەکرێ کەسێک ئیش و کاری هونەری بێت بەڵام لەگەڵ خویندنەوە غەریب بێت؟ بە بروای من ئاستی خوێندنەوە زەمانیک گرینگە کە ئاستی خوێندنەوەی کومەڵگا لە سەرێ بیت، نەک ئەوەی تیراژی کتێبەکان ۵٠٠ یا١٠٠٠ بیت، کوا کام ناشر لە کارەکەی رازیە و پێی بەرێ دەچێت؟ با ئەم پرسیارە ئاوا بێت؛ مڕۆڤ کەی یا چۆن هەست دەکا نیازی بە خوێندنەوەیە ؟ بە بڕوای من کاتێک کە هەستی کرد و دیتی لە زۆر بۆاردا لە دوایە، هەۆڵی خوێندنەوە ئەدات.

شانۆ بە زمانی کوردی چەندە جیاوازی هەیە ڵە شانۆ بە زمانە کانی دیکه ؟
هیچ جیاوازیەکی نیە،چون موڵکی هیچ نەتەوەیەک نیە، شانۆ لەخزمەت تێڕوانین و ئەزمونەکانی کۆمەڵ دایە کە وەک کەرەسەیەکی میدیایی کەڵکی لێ وەر دەگیرێ، شانۆیەک کوردیە کە لەسەر زمان و فەرهەنگ و کڵتوری کوردەواری قسەی بۆ کوتن هەبێت.

باشترین ئەکتەری شانۆ لە سەر ئاستی شاری بۆکان کێیە بە بڕوای ئێوە کە توانیبێتی خزمەتی تەواوی زمانو کەڵتوری کوردی کردبێ؟
دیارە هەموو تێدەکۆشن کە باشتر بن، کاتێک ئامانج خزمەت بە فەرهەنگ و کڵتور بێت، بەرهەمەکە هەر چی بێت، دەچیێتە پاڵ باشترینەکان.من رێزم بۆ هەموو دۆستان هەیە زۆریش نێوانمان خۆشە بۆ زۆربەی کارەکان پێش ئامادە بوون، دەیان بینم و ڕا و نەزەری خۆم دەدەم. هیوای سەرکەوتنو ڵەش ساغییان بۆ دەخوازم.

لە کۆتایی دا یاده وەرێیک ڵە ژیانی خۆتانمان بۆ باس کە ن کە ڵە یادتان نەچوبێت (قسەیێکی خۆش یان گێرانە وە ی‌بەسەر هاتێک)
کە وابێ با بیرەوەرێکی مێژوییتان بۆ باس کەم، ساڵی ١٣۵٨ شانۆیەکی کوردی مان لە بۆکان، مهاباد، سقز وسنە بە نێوی» مان گرتن ‹ کاری نوسەرێکی کوردستانی عێراق، بە دەرهیێنەر کاک برایمی فەڕشی، من رۆڵی دەوڵەمەندی ساحب کارخانەم بوو، کرێکارەکان مانیان گرتبوو نەدەچوونە سەرکار من هەڕەشەم لێ دەکردن کە بگەرێنەوە سەرکار قەرار نەبوو کەس قسەپکات جوابم داتەوە، دیتم یەکێک لە کرێکارەکان{ جەعفەر} لەبنەوە هەرجنێو دەدات، لێی چوومە پێشێ یەک زللەم لێ دا، کە قەرار نەبوو ئەو کارە پکم، کاتێک کە تەواو بوو چووینە پشت سەحنه کاک برایم بە توندی دەستی دا سەندەلی بۆم بێنێت
من کوتم کاکە دەقەیەک… لەوبرادەرە بپرسە ئەم حەمووە جنێوە پیسە چبو بەمنی دا
کاک برایم کوتی: جنێو؟ جنێوی چی جەعفەر؟
جەعفەریش کوتی :کاکە بە خودا ئاگام لە خۆم نەبوو، وا چووبوومە نێو نەقشەکە بە خۆم نەبوو
من: جا یەک جنێو، دوو خێر سێ، چوار، هەر چیم دەکوت ئەوه جنێوێکی دەدا .
جەعفەر :بابە وەڵا بە خۆم نەبو، هەردەهات
کاک برایم :[روی کردە من ] دەی تۆ، ئەو زللەیەت لە کوێوە هێنا ؟
من : کاکە زانیم غەرقی نەقشە و ڵەوانەیە لێم هەستێ و بە توندی جنێو بدات
بەم جۆرە لە تەنبێی کاک برایم ڕزگارمان بوو..

ڵە کوتایی دا سپاس و پێزانینم هەیە بۆ ئێوە و خوێنەرانی ڕۆژنامە کەتان کە منتان بە سەر کردەوە و سەرکەوتوو بن و هەر بژین..هیوادارم ڵەم باروو دۆخی نەخۆشیه ڕزگارمان بێتوو خۆشی و ئارامی بگەرێتەوە بۆ نێو دڵەکانمان.
بەرێز حەیدەری ئازیز،بێگومان گۆڤارەکەی ئێمە تان بە م وتوو وێژه پڕ نرخە دەولەمەند کرد ،هیوادارین نمونە ی پیاوی وەک ئێوە دڵسۆز زۆر بێت.

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا