فرهنگ و هنرگفتگو

ووتوێژ له‌گه‌ڵ عه‌لی حه‌قیقی

شادی شەریفزاده

سڵاو و رێز مامۆستا گیان ،زۆر سپاس کە کاتی خۆتان بە ئێمە بەخشی بۆ ئەوە ی ئێمە و خوێنەرانی ئازیزمان ،کورتە یێک لە ژیانی مامۆستا عەلی حەقیقی نووسەری بەرێز و پایەبەرزی شاری بۆکانی خۆشە ویست بزانین…

** بێ زەحمە ت خۆتان بە تەواویەتی بۆ خوێنەرانی گۆڤارە کە مان بناسێنن؟(لە دایک بووی چ سالێکوو مانگوو ڕۆژێکن ؟
لە کوێ لە دایک بوون؟)
دوای سڵاو و ڕێزی بێ بڕانەوه بۆ بەرپرسانی گۆڤاری مادیار که بۆ ناساندنی ئەو کەسانەی له بواری ئەدەبی کوردی دا تێدەکۆشن. دەست خۆشیتان لێدەکەم به تایبەت که له پەنا و پەسیوانیش بێ هەرکەس پێنوسی به دەست بو، ئێوەی خۆشەویست دەی دۆزنەوه و دەیناسێنن. سپاس بۆ هەمووان
ناوم علی و نازناوم حەقیقی کوڕی دوهەمی مامۆستا حەقیقیم.
خۆم مامۆستای خانه نشینی قوتابخانەکانی بۆکانم.
له ڕۆژی۳/۲/۱۳۳۱ له شاری بۆکان له دایک بوم

*ژیانی منداڵی و لاویەتیتان چۆن تێپەراندو سەرقاڵ به چی بوون؟
ژیانی منداڵی به قومار* وبه منداڵی!و ژیانی لاویش به خوێندن وله پاشانیش به مامۆستایی له گوندی دەور و بەری بۆکان وله ئاکامیش دا هەر له بۆکانم ڕابردووه و تێپەڕاندووه

**پێوەندیتان ڵە گە ڵ مامۆستای کۆچ کردوو «مامۆستا عەباس حەقیقی» کە دەبێتە باوکی خواڵێخۆشبووتان چۆن بوو؟
باوکم جگه له وەی باوکێکی ماڵ و مناڵ خۆشەویست بو، وەک هاوەڵێکیش وابو زۆر قسه خۆش و ڕووخۆش بوو و زۆریش ئامۆژگاری دەکردین. ماڵی باوکم وەک قوتابخانه وابو، میوان و ئەدیب و شاعر و نوسەری وڵاتەکەمان بەشێک بون لەو ماڵه، که پێیان لەو ماڵه نەدەبڕاوه. له هەموو تیپ و توێژێک هام و شوێی باوکمیان دەکرد، دەیجا ئێمەی مناڵیش وت و وێژ وهەڵس و کەوتی ئەو گەوره پیاوانه کاریگەری له سەرمان بوو.

**ئامانجی ئێوە ڵە نووسین چی بوو ،چۆن بوو ئەم رێگەیەتان هەڵبژارد؟
لەمێژ بوو دەستم کردبوو به نوسین بەڵام وەختێک دیتم هەموو له چوک تا گەوره، خەریکی نوسینن، منێکی که له نێو ئەو بەستێنه دا گەوره بوم کوتم بۆچی نوسراوەکانم نەنوێنم* به تایبەت کاتێ دیتم له کۆمەڵگا و له ناو تاقمێک دا ناحەزی زۆر دەبینرێ و نابێ پیاو چاو بقوچێنێ و چ نەڵێ. به تایبەت که خۆم مامۆستایەکم، وەک ڕەخنەگرێک لێی وەکار کەوتم کوتم (شەنده له مەنده کەمتر نییه)دەیجا با دەست پێبکەم خۆ لەو عالەمەی باشتر نەنوسم خراتر نانوسم!!! (ئه ڵبه ت به بڕوای خۆم )
هەر ئەوه بو دەستم پێکرد هەڵبەت له پێشیش دا وەکوو ئاماژەم پێکرد کەم تا کورتێک کاری نوسینم دەکرد و ئۆگری نوسین بوم

**بۆ خوێنە رانمان بفەرموون ئێوە لە سەر چە بابەتێک دەنووسن و یەکەم بەرهەمتان نێوی چی بوو و ڵە کام ساڵدا بڵاو کرایەوە؟
بابەتی من ڕەخنه له قاڵبی تەنز و قسەی خۆشه هەر چەند ئەلحەملا هەر کارێکی ئەوڕۆ بیکەی تەماشا دەکەی تاقمێک لەو سەری ڕا دێنەوه ئەو کارەیان به چاکی کردووه. وەک دەفەرموێ (هفت شهرعشق را عطارگشت*ماهنوز اندر خم یک کوچه ایم)
کوتم( دەبا نۆش بێته سەر دەی )
هەوەڵ بەرهەمم به ناوی کتێبی (بومه میلیونێر)چاپ کرد که ئەوڕۆ دەبێ بیکەمه بومه میلیاردێر بەڵکو زیاتریش !!کتێبەکه قسەی خۆشی مەجلیسی باوکم و میوانه بەڕێزەکانی ئەون ساڵی چاپی وەک له سەر یاد بم پێموا ۹۵ بوو. پێشوازی باشی لێکرا، له لایەن زۆر کەسانەوه پەسەند کرا(زەمانێک میلیۆن پوڵێکی زۆر بو به زۆر کەسانیان دەکوت میلیۆنێر. بابیشم ڕۆژێک بونگادارێکی بانگ کرد کوتی بزانه ئەو ماڵەی من چەند دەکا?! کابراش هات و دوای پێوانی خانۆکه و لێکدانەوەی کوتی مامۆستا ئەو خانووەی تۆ، میلیونێک و … که وایکوت باوکم کوتی ڕاوەسته! منیش مەنزورم ئەو کەلیمەیه! وادیاره منیش میلیونێرم… ئەوەندەم بەسسه )
ئەوه نەقڵی کتێبە کەیه که بۆ ناویشی هەر ئەو وشەیه هەڵبژێردراوه!

**داخوازی ئێوە ڵە کۆمەڵگاو ڵە بەرپڕسانی شار چییە سەبارەت بە نووسینەکانتان و بەرهەمەکانتان؟
هیچ داخوازیم نییه ئەگەر بینا لەوه بێ هەر کەس نوسی داخوازی هەبێ، دەبێ بەرپرسان و ئەوی سەری پەتێکی به دەسته هەڵێ! چونکی له سەدا نەوەدی پێنوس به دەسته و دەنوسێ.
هەموشی دیاره داخوازی هەیه بەڵام ئەگەر بۆیان کرابا که دەزانم چیان له دەست نایه، له بابەتی کاغەز و کاری چاپی کتێب کارێکیان کردبا بڕێک قیمه تی هاتبا خوارێ که دەترسم ئەو کات له بەر کتێب ڕێ ڕێداری نەبێت!! کوچه و کۆڵانیش پڕ بێت له کتێب! ئەلانیش بار و دۆخی کتێب باشه و زۆر خراپ نییه. نیوه نەفەسێکی ماوه. بەڵام به داخەوه خوێنەر نەماوه. خۆ ئەو دەردەش به کەس دەرمان ناکرێ، له بەر گیر و گرفتی گرانی و سەرقاڵی دی!
**پڵانتان بۆ داهاتوتان چییە و ڵە ئێستا دا خەریکی نووسینی چە جۆر بەرهەمێکی دیکە ن بۆ هاونیشتمانیانی خۆشەویست؟
وەڵڵا له ترسی کڕۆنا نێوی خۆشم لەبیر چۆتەوه! دەیجا پلانی چی؟! خۆم به تەمەنم ئەلان که ئەم پرسیارانه جواب دەدەمەوه، خۆم له داهاتوو دام پلانی چی؟! بۆ کێ و چ کەس و چ داهاتویەک؟! چ بەهرەیەکی هەیه !؟ به بڕوای من هەر زەلیل و موحتاج نەبم بەسمه..
چون ئەوڕۆ کەس خزمەتت ناکا و کەس دەستی کەس ناگرێ….ئەوەش پلان!

**بە بڕوای ئێوە کام یێک ڵە نووسەرەکانی شار کە ئاستێکی بەرچاویان هەیە سەبارە ت بە بوواری نووسین کە دە توانن کاریگەریێکی ئەرێنییان بێت بۆ سەر کۆمەڵگا؟
هەمویان باشن زەحمەت دەکێشن بەڵام ڕەخنه ی من ئەوەیه بۆ دەبێ له کۆمەڵگا دا ناوی دو یان سێ نەفەر هونەرمەند ببێته بنێشته خۆشه و بەشێک هەر ئەو نێوانەیان له سەر زمان بێت و ببێته ویردی زمانیان؟! بەڵام، باسێک له کەسایەتییەکانی دی نەبێ و یان لەبیریان چوبێتەوه… نوسەر و شاعیر و … زۆرن من تا ئێستا ناوی (بۆ مەسەل) مامۆستا ئەفخەمیم له هیچ شوێنێ نەبیستووه بەو هەمو بابەته جوانانەی که هەیبووه و هەروەها زۆرکەسانی دی… ئەوه کەمتەرخەمی ئەدیبەکانه که لەبەر بابەتی خۆیان باسی بابەتەکانی مامۆستایانی دی ناکەن، هەروەها بابەتی کەسی دی نابینن و هەر خۆیان لەبەر چاوه و که سی دی… له خۆیان و بەرهەمی خۆیان تێر نابن، لەبەر خۆبایی و ئێرەیی!!! هەموو بونەته من و کەس نیو من نییه!

** بە عەکسیشەوە کام یێک لە نووسەرەکان بە بڕوای جەنابتان دەتوانن شوێن دانێن ڵە سەر بیر و بڕوای کۆمەڵگا؟
کۆمەڵگا وای لێهاتووه هیچ شتێک کاریگەری لەسەر دانانێ، هەموو هەر خۆی پەسەنده، تەماحی دونیا و تێکۆشان بۆ دەوڵەمەندی و خۆ له هەموو بانک و بۆ هەموو کون و کەلێنێک خستن بۆ بەرهەمی ماڵی زیاتر و خۆ چوک کردنەوه بۆ بەجێهێنانی داخوازیان… هەموو نیشانی دوا کەوتنه له عیلم و سەنعات.
ئەوڕۆ بینای جوان، ماشێنی چاک و ڕێگه کاسبی باش کاریگەری له سەر کۆمەڵگا زیاتره!!!
پێموا شاشەی تەلەویزیۆن باشترین کاریگەری هەیه ئەوڕۆ… کوا خەڵک بەو هەموو گیر و گرفته حەواسی ئەوەنده جەمعه، بێ نسحەتی من یان فڵانه مامۆستا بخوێنێتەوه له کاتێ دا من خۆم پێوێستیم به ڕێنوێنی هەیه و کەسێک دەبێ له هەڵەم بپارێزێ! عالەمەکەش بەو گوشی و دونیای مەجازی زۆر وریاتر بوون و پێشکەوتون… پێویستیان به نوسەر و شاعر نییه و خۆیان لەو لاوه دێنەوه…کاتی ئامۆژگاری بەسەر چووه!

**پێتان وایە کەموو کورییەکانی ئەم کۆمەڵگایە کە تێیدا دە ژین چییە و نووسین چۆن دە توانێت پڕیان بکەینەوە و رادەستیان کەینەوە و بیان پارێزیینو گەشەیان پێ بدە ین؟
کەم و کۆڕی له ئەژمار نایه… ناحەزی لەو کۆمەڵگایه دا وەک هەمو کۆمەڵگاکانی دی زۆر دەبینرێ به تایبەت ئەوڕۆ، و به خودا نەبێ به نسحەتی نیچه و گۆتەش که زیندو ببنەوه و بنوسن چاک نابن! چ بگا بەو نوسەر و شاعرانەی ئەمڕۆ !!

**چە کەسانێک لەو دەستکەوتنانە بەهرە دەبینن و چە کەسانێک زەرەرمەند دەبن؟
تاقمێکی کەم نەبێت نه کەس لەو دەسکەوتانه بەهره دەبینن و نە زەرەرمەند دەبن… چون کوتم هەر کەس مەسڵەحەتی خۆی باشتر دەزانێ…خەڵک ئاگادارترن، تەنانەت مناڵەکانیش…وەک مناڵی ئەمڕۆ زۆر زیاتر له گەورەکەی دەزانێ…تازه کار لەوه ترازاوه به کتێب و به نسحەت بێنی چاکسازی بکەی ! دەرکی ئەدەب و ئەخلاقیش له ڕێسمه هاتۆته دەرێ! چ ناکرێ، بۆ ئەو کارانه دەبێ به قەولێک فەرهەنگ سازی بکرێ وەک خانوو له بناغە ڕا دەست به دامەزرانی جوانی و چاکییەکان بکەن… له قوتابخانەکان ڕا دەست پێبکەن، ئەو هەویره ئاو زۆر دەبا برا!!!! به قسه و نوسین پێک نایه

**بە بڕوای ئێوە تا وەکوو ئێستا ڵە بوواری نوسین دا ڵە شاری بۆکان چۆن بووه و ئێوە چەندە توانیوەیتی شوێن دا بنێ ڵە سەر خەڵک و کۆمەڵگا و ئاستی بیر کردنەوەیان؟
هەر وەک عەرزم کردن باری نوسین و شعر له ڕاده بەدەر باش بووه و کاریگەریش به شەخسی خوێنەر کەوتووه ئەگەر خوێنەر هەبێ بۆکانیش جێی شیرازی گرتۆتەوه و ئەوی توشی بوی شوکور مامۆستایه و پێموانییه کەس مابێ که مامۆستا نەبێت، ئەلحەملا کتێب دوای کتێب و شعر دوای شعر له چاپ دەدرێ و دێته دەر وەک نانی ماشێنی ئەمڕۆ !!خوا شوکور له نوسین و شعر دا زۆر پڕ وته یارین !و دەوڵەمەند

**ئاستی خوێندنە وە ڵە کۆمەڵگای کورده واری دا چۆنە بە بڕوای ئێوە پێتان وایه بۆ زۆر بوونی رێژە ی خوێندنە وە دە بێت چی بکرێت؟
ئاستی خوێندن له کوردەواری دا زۆر باش بووه و به بڕوای من خۆشەویستی کتێب و کتێب خوێندنەوه ئەو گشت مامۆستایەی لێ پەیا بووه…زۆر بونی ڕێژەی خوێندنەوەیه… ئەگەر کڕۆنامان له کۆڵ بۆوه کۆبوونەوەکان و هاندانی لاوەکان و دانانی خەڵات و ڕێنوێنی کردنی لاوەکان و ناساندنی کتێبه باشەکان و…زۆر باشه و کاریگەری هەیه
من خۆم زۆر به قەرزداری چاپەمەنی زانکۆ به سەرپەرشتی کاک حامد قدرتی و هاوکارەکانی وەکوو بەڕێزان کاک کاوه شوقی، خاتو شادی شەریفزاده، خاتو ئامینه فتاحی و…به ڕێزانی دی دەزانم. تەواوی کتێب و بەرهەمی زۆربەی نوسەران و شاعرانمان به چاپ و زەحمەتی ئەو بەڕێزانه و چاپەمەنییه چاپ کراوه و دەتوانم به ڕاشکاوی بڵیم ئەو چاپەمەنییه زۆرترین خزمەتی به کتاوخانەی کوردی کردووه. هەروەها گوڤارەکەشتان زۆر بابەتی به نرخی تێدا، جگه لەوەش بۆ ناساندنی تەنانەت منیش! تێکۆشیون… ئەوه خەتمی کەلامه به قەولێک.
لەشتان ساغ بێت و بێ وەی بن.به سپاسەوه، هیوادارم کەس دڵمەند نەبێ به خوێندنەوەی وڵامەکانم.
دەستی هەموو خوێنەران و نوسەران و شاعران و خەڵکی شارەکەم ماچ دەکەم. هیوای سلامەتی و دور بونیان له بەڵای کڕۆنا و نارەحەتی له خوای گەوره دەخوازم.
خودا ئاگاداری هەموان بێت

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا