جامعهیاداشت ها

دزی و دەست‌بڕین

عبدالله اسفندیاری

 

ساڵی ۱۴۰۰ی کۆچی هەتاوی ساڵێکی بێ‌باران و ویشکە ساڵی و بێ‌فەڕ و بەدفەڕە. نەخۆشی کۆڕۆنا و گرانی شتومەک و کەلو پەل و هەموو پێویستییەکانی ژیان هێندە چونە سەرێ لە گەواڵی هەوران پەل دەکوتن. چەخماخە لێدەدەن و گرمە و زرمەیان چەند ڕۆژە ڕێی دەڕوات  و زیاتر گوێچکەی فەقیر و هەژاران دەنگێوێ. هەژار و نەدار بێدەسەڵاتن. هێندە برسی و بێ‌هێز و پێزن لاتەی سەریان دێ و مێشیان پێ‌لەخۆ دەرناکرێ.

دەگێڕنەوە و دەڵێن:

هەژارێک چووە بۆ شووڕایەتی نێونووسی کردووە. پێیانگوتووە بەڵگە و مەدرەکی خوێندەوارییەکەت لە پلەیەکی نزم دایە و تۆ ناگرێتەوە.

ئەویش تووڕە دەبێ و دێتە جواب و دەڵێ:

بۆ قوربان، دزیش مەدرەکی خوێندەواری باڵای دەوێ؟!!!

بە خەیاڵی خۆمان ئێمەی ئێرانی خۆ بە موسوڵمان دەزانین و یاسای ژیانمان قوڕئانی پیرۆزە. ئەو یاسایەش لەمەڕ دزییەوە لە سووڕەی مائیدەدا لە ئایەتی ۳۸دا دەفەرمێ:

دەستی ژن و پیاوی دز ببڕن. بەڵام بەو مەرجەی دزییەکە بایەخێکی هەبێ و بەڵگەش هەبێ لەسەر ئەوە کە ئەو دزە بەڵگەیەکی وای نەبێ کە ناچاری کردبێ بۆ دزی کردن. وەک نەداری و ناچاری و ئەوانە.

ئەوانەی کە لە دین لە بیانوون دەڵێن شتی وا چۆن دەبێ و ئەوە یاسایەکی ناڕەوایە و دژی مرۆڤە. بەڵام کاتێک کە دەبینن لە هەموولایەکەوە و بە هەزاران بیانووی جۆراوجۆر دزیان لێدەکرێ و گیرفانیان خاڵی دەکرێ و دەست ‌بڕاو و مافنگی ماونەتەوە و لەلای ماڵ و منداڵیان سەری نەداری و خەجاڵەتی شۆڕ دەکەنەوە، ئەوکاتە دێنەوە هۆش و گۆش و لە چۆڵەمەی خۆیان ڕادەکێشن و شەقە و تەقەی لێهەڵدەستێنن و دەڵێن:

خودا بە حەقە و تەنیا یاسایەکی کە پڕ بە پێستی ژیانی مرۆڤە و مرۆڤ‌دۆست‌ و بێ دەغەڵەو بێ خەیانەت و بێ‌ دزییە، هەر یاسای قوڕئانی پیرۆزە. بەڵام داخەکەم بەڕێوەبەر قاتە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئێمەی ئێرانی لەگەڵ ئەو موجازاتە گەورەدا کە بۆ دز و دزی داندراوە، وا دەردەکەوێ کە زۆربەمان لە دزیکردن ناپرینگێینەوە و مێشێکیشمان میوان نییە. هەر بۆر بێ و زۆر بێ و دەست کەوێ، دەربەستی چی دی نین.

هەرچەند وادیارە ئاوەکە لە سەرچاوەوە لێڵە. وەک دەڵێن:

«گەورە ئاو دەڕێژێ و چوکەش پێی ڕێدەخا»

دەمێکە کە دونیای سەرتەلایت و تۆڕەکۆمەڵایەتی و دونیای مەجازی و هەیتوهووت هاتوهاوار و قوولەیانە و دەڵێن:

گەلێک لە کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەو وڵاتە پڕداهاتە باوەش باوەش میلیارد میلیاردیان (ئیختیلاس) واتە ڕفاندووە و لەسەر یەک کەڵەکەیان کردووە.

وەک باس دەکرێ ڕفێنەران  بۆخۆشیان حیساب و کیتابی خۆیان نازانن و  بۆ بارکردنی ئەو خەشە ڕەشە میلیاردانە بارەبەری تایبەتیان دەوێ و لۆری هەژدەتەگەر.

خەڵکەکەشمان هەر یەکەی لە ڕێگایەوە خەریکە بەشی خۆی بپچڕێ و لە کاروانی تاڵانچیان دوا نەکەون و دڵیان بەخۆیان نەمێنێ. بۆ وێنە:

زۆرینەی کارخانەدار و بەرهەم‌هێنەرانی کاڵا و کەلوپەلی ژیانیش بۆوەی لە حەسرەتا سەر نەنێنەوە، لە چەندێتی و چۆنییەتی و بەکەڵکی شتە بەرهەم هێندراوەکانیان کەم دەکەنەوە و لێی دەدەزنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە نرخی شتی ئیستاندارد و بێ‌دەغەڵەی لەسەر دەنووسن و لەو ڕێیانەوە قاچ و قوچێک دەکەن. بەو شێوە ئەوانیش لەو یاری و کێبڕکێیەی دزییەدا بەشدارن و ئاڵایان لە حەوێقی عاسمانێ دەشەکێتەوە.

گوتم کارخانەدار و بەرهەم هێنەران لە چەندێتی و چۆنییەتی شتە بەرهەم هێندراوەکانیان کەم دەکەنەوە و لەوێ شتێک دەدەزنەوە. بۆوێنە:

وەرەقی بەدەنی سیارەیەک ساڵان سێ‌میل بوو، بەڵام ئێستا ڕەنگە لە یەک و نیویش کزتر بێ.

قوتووی فافەکان کە نیو کیلۆی خالیس بوون، ئێستا ئەگەر چوارسەد گڕەم بێ، بەربەلەتە.

قوتوویەک ڕوبی تەماتە بە کیلۆیەک دەفرۆشرێ، بەڵام ئەگەر خودا بکا هەشتسەد گڕەمی تێدا بێ، کڕیار شانسی هێناوە.

بازاڕی و فرۆشیاریش لەو مەیدانی کێبڕکێیەدا گورج و گۆڵ قۆل هەڵدەماڵن‌و لە نرخی یاسایی خۆی بە چەند قات زیاتر شت دەفرۆشن و لە دم‌دروونی داوەران و چاوەدێران  کۆتایی ناکەن. لەوێوە ئەوانیش خاڵانێک لە دزیدا بۆخۆیان تۆمار دەکەن.

بۆوێنە شتێکی سەدهەزار تمەنی سێ‌چوار دوکانی بۆ بگەڕێی، بیست ‌سی هەزار تمەن جیاوازی نرخ دەبیستی و دەبینی.

دیارە زۆربەی خەڵکەکەش دەیانەوێ لەو کێبڕکێیەی دزی‌کردنەدا لانی کەم خاڵێک هەرچەند کەمیش بێ وەدەست بێنن. بۆوێنە:

گەلێک لە جوتیارانیش بەرهەمەکانی خۆیان بە فێڵ و فەرجی جۆراوجۆر دەڕازێننەوە و چاوی کڕیاری پێ‌دەبستن و دەیتوێننەوە. بۆ وێنە:

لە چنین و بەستەبەندی میوەکاندا ڕیزی سەرەوە درشت و جوان و ساغ‌ و مشتەری‌گر دادەنێن و بنەوەشی ورد و کاڵ و خراپ و ناساغ و بێ‌کەڵک. ئەوانیش ئەلەو ڕێگایەوە هەوڵ دەدەن و خاڵگەلێکی بەرچاو لە دزیدا بۆخۆیان دەخەنە لاوە.

میوەفرۆشیش ناچار بۆوەی هەمووی خورد کاتەوە، لێکی دەدا و میوە ڕزیو و ناساغەکە ئاوەژوو دەکاتەوە. چاوی کڕیار دەبەستێ و بەسەریەکەوە بۆی تێدەکات. ئەویش لەو  یاری‌‌ و کێبڕکێیەدا بێ خاڵ نامێنتەوە و بەشی خۆی لە ڕیزدا دادەنێ.

گەلێک لە تەرازودارەکانیش هەڕەشەتوندەکەی موتەففیفینیان لەبیر نییە و خێل‌ئاسا چاوی یەک بە دوو دەبینێ و سێ‌کیلۆ بەچوار لە قەڵەم دەدا.

تەنانەت کیلۆ و گڕەم و گەز و چارەگیش ئەو نەخۆشییەیان توش هاتووە و لە کزین.

هێندێک لەکیلۆکان نێویان کولۆرە و قورسی و قەوارەی یاسایی خۆیان لە دەست داوە.

تەنانەت هێندێک لە تەرازووە دیجیتاڵەکانیش دەستی خەیانەت و فێڵ‌ و فەرەجیان  گەیوەتێ‌ و ئەوانیش هێزی ڕاستی و دروستیان لە لەشدا نییە.

میتر و گەزیش ئێستا میترایەتی خۆی لەدەس داوە و یان یاردە، یان نەختێکیان دەست لێکێشاوە و چەندین سانت کەمی هێناوە.

کێشەران و پێوەرانیش بەوشێوە خاڵانێکی بەهێز لەو کێبڕکێیەدا لەسەر یەک کەڵەکە دەکەن.

تاقمێک لە مەڕدار و گاگەلدارانیش لە شیر و ماست و پەنیر و ڕۆنەکەیاندا بێ‌ زێف نین. بۆ وێنە لۆرک بە زارکی مەشکەدا دەکەن و لەگەڵ ماست دەیژێنن. بەو شێوە بەرەمەشکە بەو  لۆرکە زیاد دەکا و قانگڵەی ڕۆنەکەرە خڕتر و قەڵەوتر دەبێ. بەڵام لە خواردندا دەردەکەوێ کە بە حاستەم  چەورایی هەیە و ڕۆنەکەرەشی لەگەڵە.

خۆ ئەگەر بتەوێ ئەو بە نێو ڕۆنەکەرەیە زەنگ بکەی، زەرەدی ئاورەکە و چەوربوونی دەفرەکە و زەحمەتی کابانەکەشت لێدەکەوێ و لە کیلۆیەک ڕۆنەکەرە دووسەد گڕمت زەنگ دەست ناکەوێ.

کەشکیش شتانێکی دیکەی لەگەڵ لێک دەدەن و ئەویش مایە و تام و ڕەنگ و بۆنی سورشتی خۆی لە دەست داوە و هەرچەندی بیسوویەوە، دۆکەشکی لێ‌بەرهەم نایە و دۆکڵیوی کەشکانی لە حەرام گێڕاوە.

سەتڵەماستەکەی ساڵان، دوو کیلۆی ماست دەبرد. ئێستا ئەویش لە کزی و چکۆلە بوونەوەی داوە و تەنیا ئەگەر بە حاڵەحاڵ کیلۆ و نیوێک بەری باشە. بەڵام نەرخ هەر نرخی سەتڵێک ماستی دوو کیلۆییە.

پێشەکارانی زەحمەتکێش و ئارەق‌ڕێژیش گەلێکیان تووشی جۆرێک لەو نەخۆشیانە هاتوون کە خەیانەت و دزی هۆیەکەیەتی. بۆ وێنە:

نانی ساڵان کە نیومتر و بگرە زیاتریش درێژ و تێرەخۆرەی نەفەرێک بوو، ئێستا ئەنگوتک بە هێندەی گوێزێکی لێماوەتەوە و هێندەی گوشار لەسەرە نانەکەی بە قەت زمانەگایەکی لێماوەتەوە و پیاوێکی برسی هەر دەستیان بۆ بەرێ، حەوت هەشت نانیان لێ‌ قەڵت و پەڵت دەکا و هێشتا هەر بەرکوتێکی کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو ڕۆژانە نان نرخی چۆتە سەرێ و بە زەحمەت دەست دەکەوێ، زۆرینەی نانەوا و نان‌پێژەکانیش جلکی یاری تایبەتیان لەبەر کردووە و شەوی دەمێنێ ڕاست دەبنەوە و لە پشت دەرگای گاڵەدراو و دەڕابەی تەختەکراوەوە لەگەڵ دزینی ئارد و نان‌فرۆشتنی بە دووبەرانبەری نرخی یاسایی، کۆبوونەوە و وتوووێژیانە. ئەوانیش سەرکەوتوانە چەندین خاڵی براوە لەو یاری و کێبڕکێیەدا بۆخۆیان دەخەنە تەلیسە ئاردەکانەوە و بەرەو قیامەت بە کۆڵی دا دەدەن. کاتژمێری هەشت و نۆی بەیانی بچۆ نان قوتارە و سۆێنکە و تەشتی هەویر شۆراوەتەوە و تەندوور کوژاوەتەوە. لەولاشەوە لە مارکەتەکان نانێکی دووسەد و پەنجا تمەنی بە پێنسەد تمەن هەر هاڕەی دێ‌و خۆ  لە بن باغەڵی مشتەری برسی دەترینجێنێ و بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانین، مشتەری وەزمان دێنێ.

زۆربەی شۆفیری تاکسییەکانیش بە بیانووی ئەوەی کە سەد تمەن و دووسەد تمەن بە تەنیا هەر هیچ ناکا و بە دەستیشیانەوە نییە کە باقی موشتەری بدەنەوە، ڕۆژانە حەفتا هەشتا دووسەد تمەنی زیادی وەردەگرن و ئەوانیش بەوشێوە ناتوانن لە ڕیزی دزیکردن خۆ دەراوێن.

باوەڕ بفەرموون پیشە و ئیشێک نەماوە کە بە بێ دزی داهاتێکی تێدابێ و پاروویەکی حەڵای لێ‌وەدەست کەوێ کە مرۆڤ لە زگەقورسکە بکەوێ.

یانی ئەگەر ژیرانە و بە بیرانە لە سەتا نەوەدی ئیشکەر و ئیشەکانیان بڕوانی، حەستەمە لەگەڵ بێ‌فڕوفێڵی دیدار بکەی.

بە کورتی ئەوەی زێف‌لێکراوی دۆڕاوی زگدڕاوی بەشخوراوی بێ‌ (امتیاز) و تازیارین، تەنیا خەڵکە کڕیارەکەیە. لە نێو هەموانیشدا تاقمی هەژار و نەداری کۆمەڵ، باری گرانی ئەو تاوانانە لە کۆڵیەتی و چەکەی ملی باریکی دێ.

منیش لەو نێوەدا دایم زمانم خەریکی سووپاسی خودایە کە شوکر بۆ خودا، بەس نییە عەداڵەت و دادپەروەرییەک لەو وڵاتەدا نییە کە یاسای دەست‌بڕینی دزی بەڕێوە بەرێ، دەنا بە خودای کەسی ساغم شک نەدەبرد کە پەنچەی شادەم بۆ پێوەنێ و بڵێ:

خودا هەڵناگرێ وایە و دزییەکە بازاڕی گەرمە و لە گەشە دایە. دزانی زستانەزێش وڵاتیان داگیر کردووە و تەنگیان بە عالەم هەڵچنیوە.!!!

 

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا