جامعهفرهنگ و هنر

لەبارەی ڤاڵانتاینەوە

*سەنگەرشنۆیی

• باوکم هەرگیز لە ژیانیدا وشەی ڤاڵانتاینی نەبیست، بۆ یەکجاریش بیری لەوە نەکردەوەو بە خەیاڵیشیدا نەهات، گوڵێک بۆ دایکم بکڕێ یان بێنێ، هەرچەندە گوڵ لە هەموو دێیەکەمان و لە باخچەی ماڵەکەشماندا هەبوو. باوکم هیچ کات نەیدەزانی ئەو وشە و دەستەواژە داتاشراوانەی کە جگە لە فریودان و خۆشیرین کردن هیچی دیکە نین بەکار بێنێ، ئەو قەت نەیدەزانی بڵێت (گیانەکەم، ئازیزم، هەموو کەسم، قوربانت بم.. )نە تەنیا ئەوە بەڵکو زۆرجاران کە بانگی دەکرد و درەنگ وەڵامەکەی وەردەگرت، دونیایەک وشەی ناشیرین و دزێوی لەلای یەک ریز دەکرد و هاواری دەکرد (هەی… بە حەزرەتی غەوس گوێی لێیە بە عەندەن جواب ناداتەوە.) دایکم بەو قسانە نەک دڵی نەدەڕەنجا، بەڵکو بزەیەکی دەهاتێ و دەیگوت (ئەو پیرە خەرفاوە، دیسان ئەو بۆڵبۆڵەی لەچییە.. دەڵێی ورچە).. زۆرجارانیش باوکم راستی دەکرد، دایکم بە ئەنقەست وەڵامی نەدەدایەوە، دەیگوت (وەرەزی جنێوەکانیم کردووە).
ئەگەر دایکم رۆژێک لەماڵ نەبا، باوکم دنیای لێ وێک دەهاتەوە، هەردەهات و دەچوو، جگەرە لە دوای جگەرە پێدەکرد. هەر دەیگوت (باشە ماڵە باب، ماڵە باب، ئەو ماڵە بابە نەبڕایەوە، هەر لاقێکی لێرەیەو یەکێک لەوێ). گەرچی خوشکەکانم گەورە بوون و دایکیشم لەماڵ نەبا، هیچ لەگۆڕێدا نەبوو. بەڵام باوکم پێی خۆش بوو، دایکم هەمیشە لەلای بێت.. کە دەشهاتەوە نە تەنیا لێوەکانی هەموو گیانی پێدەکەنی، لە سەرەتا چاوەکانی، چاوەکانی گەش گەش دەبوون و دەبریسکانەوە. لەبری بەخێرهێنانەوە قسەیەکی رێدەهاڵاند و ئەویش وەڵامێکی هاوشێوەی دەدایەوە.. ئیدی هەردووکیان پێدەکەنین.. ژنانی هاوسێ و دەستەخوشکانی دایکم لە دایکمیان دەپرسی، ئەرێ بەو قسانەی مێردەکەت بۆ هەڵناچێ و توڕە نابێ. دایکم دەیگوت بە نمەکی شێخی بورهانی بەو قسانەی کەیفێ دەکەم، تۆ دەزانی ئەو پیاوە وەک منداڵێکی ساوایە هیچی لەدڵدا نییە.
کە دایکم مرد، هەموو دونیا مرد، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ باوکم.. باوکم هەر ئەو رۆژە مردبوو، بەڵام وەک دەڵێن تەرمی خۆی لەکۆڵنابوو، چ تراژیدییەک لەوە تاڵتر کە مردوو بی و لە ریزی زیندووان بژمێردرێ.. باوکم خاڵی دەستپێک و کۆتایی دایکم بوو، دونیای بە دایکمەوە دەویست.. چاوەکانی هەمیشە ببوونە کانییەکی روون و تاڤگەی فرمێسکەکانی بە زناری روومەتیدا دەهاتە خوار.. باوکم، هەموو رۆژێ بێ ناوبڕ و جار وا هەبوو دووجار، سەردانی گۆڕی دایکمی دەکرد! هەموومان لەسەر ئەو کارەی لۆمەمان دەکرد، لەباری ئایینیەوە هەزار و یەک ئایەت و حەدیسی درۆینەمان بۆ دەهێنایەوە و کە دەست لەوکارەی هەڵگرێ، ئەو دەیگوت، دایکتان بۆ من نەمردووە، هەمیشە قسەم لەگەڵ دەکا، لەسەر گۆڕەکەی دایکم سەدان گلەیی لێدەکرد و جار هەبوو هەمان قسە نەشیاوەکانی دەگوتەوە.. زۆرجاران لە پەنا گۆڕەکەی دایکم و هەر لەسەر گۆڕەکەی دایکم دەخەوت. جارێکیان هەر لەسەر گۆڕەکەی خەوی لێکەوت و ئیدی لەگەڵ دایکم خەوەکەیان تێکەڵ بوو، قەت باوکم لەو خەوە هەڵنەستایەوە و رۆژانی دواتر دوو گۆڕ لە پەنای یەک و ئاوێتەی یەک بوون. دوو کەس کە نەیاندەزانی گوڵی سوور مانای چییە، ڤاڵانتانین لە کوێوە هاتووە؟ ورچە گەورەکە بۆچی دەبێت! دیارییەکان چەندە دەبنە پردی خۆشەویستی نێوانیان!
• براکەم بە ویستی خۆی و دوای چەند ساڵ خۆشەویستی ژنی هێنا، لە زانکۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆی ببوو بە ئاشنا و ئاشنایەتی ببوو بەخۆشەویستی و پاشان گواستیەوە. لەیل مەجنوون و شیرین و فەرهاد و هەزاران ئەوینداری ئەفسانەیی دەستیشی لەدۆی ئەوان نەدەکرد. هەمیشە بە (گوڵم، ئازیزم، جەرگەکەم، هەموو کەسم، عەشقی من) و هەزار دەستەواژەی دیکە بانگی یەکیان دەکرد، بە هەر بیانوو و رۆژێک بوایە، دیاریان بۆ یەکتری دەکڕی. رۆژانی ڤاڵانتاین، ژوورەکەیان سوور سوور دەچوو. ورچی سوور، گوڵی سوور، بۆنی سوور، هەرچی سوور بوو لەو ژوورەکەیاندا هەبوو. ئەو رۆژەی کە برژانم نیازی چوونەوە ماڵی هەبوایە، براکەم دەیگوت، گیانە کەی دەگەڕێیەوە، ئەو ساتانەی بێ تۆ نابم دڵم ئۆقرە ناگرێ! ئەویش بەنازەوە دەیگوت منیش هەروا، چبکەم ماڵی بابە و دەبێ سەردانی بکەم.
کە ماڵ چۆل دەبوو، ئیدی براکەم پڕ بەدڵ قاقای دەکێشا، دەیگوت ئۆخەی رۆیشتەوە، پێتوایە ئەوەندەم خۆش دەوێی. ئاخر ژنە و دەبێ بەو قسانە کەریان بکەی! مۆبایلەکەی دەردەهێنا و زەنگی لێدەدا، (ها گوڵم، چۆنی ئازیزم، ئێستە ئەو سەگبابە چۆوە، کاتت هەیە پێکەوە بین، ماڵ چۆلە، ……. بەسەرچاو خۆم بەدواتدا دێم، خۆت سازکە هەتا بڵێی یەک و دوو لەوێم).
پاش چەند کاتژمێرێک قاقا و پێکەنین هەموو ژوورەکەی دەتەنییەوە، لە هەمان شوێن لە ئامێزی یەکدا دەبوون کە جێگای (ئازیزەکە و گوڵەکە و هەموو کەسەکەی)بوو.
ئێوارە زەنگی مۆبایلێک لێیدەدا و براکەم هەرکە چاوی بە ناوی کەسەکە دەکەوت، بە ترس و دڵەخورپە و نیگەرانییەوە دەیگوت، (ها هەمووکەسم، ها ماڵانم) بێم بە دواتدا، بڕوا بکە ئەو چەند کاتژمێرەی رۆیشتووی بە حەسرەتەوە لە ژووەکەم دانیشتووم و چاو لە ئەلبۆمەکانی ژیانمان دەکەم. .. هێشتا تەلەفۆنەکە بە تەواوی دانەدەخرا، بەرامبەرەکەی پێیدەگوت، بۆ ئەوەندە لە ژنەکەت دەترسی؟ بڕوا بکە ناترسم بەڵام دەمەوێ کەری کەم! یانی منیشت کەر کردووە؟! نا گوڵەکەم نا ئەوە تۆی منت کەرکردووە!
براکەم، دەیزانی رۆژی خۆشەویستی چییە، دەیزانی ڤاڵانتاین چ رۆژێکە، دەیزانی ورچی سوور چ واتایەک دەبەخشێ، دەیزانی دیاری و سوپرایەز چییە. بەڵام باوکم هیچی لەوانە نەدەزانی.

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا