فرهنگ و هنر

پووران درەخشەندە: فیلمە تورکییەکان لەگەڵ کولتووری ئێمە ناگونجێت

فیلمسازی کورد پووران درەخشەندە ڕەخنە لە فیلم و دراما تورکییەکان دەگرێت و دەڵێت شێوازی چوونەناوەوەی فیلمە تورکییەکان بۆ کێشەکان کاریگەریی پێچەوانەی لە کۆمەڵگەی کوردی دەبێت چوونکە لەگەڵ بارودۆخی کورد ناگونجێت.
پووران درەخشەندە فیلمسازی کورد لە گفتوگۆیێکدا کە لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ڕووداو کردوویەتی دەڵێت شێوەی ڕوانینی هونەرمەند بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کاریگەریی دەبێت لە سەر سەرکەوتنی بەرهەمەکان. فیلمە تورکییەکانیش کە ئێستا نمایش دەکرێن، لەگەڵ بارودۆخی ئێمەدا زۆر یەک ناگرێتەوە، واتە جۆری چوونە ناو بابەت و باس­کردنی کێشەکان لەو فیلمانە کاریگەریی پێچەوانە دادەنێ.
ئەو سینەماکارە کوردە باسی فیلمێکی خۆی دەکات و دەشڵێت پێویستە ئێمە بە جۆرێک کێشەکان پیشان بدەین کە هەلومەرجێکی باشتر بێتە ئاراوە، بۆ نموونە کۆمەڵێک خێزان هەن کە دوای بینینی فیلمی “هیس” دەڵێن شتێک هەیە ئێمە ئێستا ئاگادارین لێی و هەتا ئێستا پێمان نەدەزانی، واتە پێیان وانەبوو کە منداڵەکانیان دەکرێ ئەو جۆرە ئازارانەشیان هەبێ کە ناتوانن باسی بکەن، یان ئێستا خۆیان منداڵەکەیان دەبەنە قوتابخانە و دەیانهێننەوە، یان دەبن بە هاوڕێ لەگەڵ منداڵەکانیان. یەکەم هاوڕێی هەر منداڵێک دەبێ خێزانەکەی خۆی بێ، واتە دایکی و باوکی. ئەم هۆشیارکردنەوەیە وادەکات بتوانین بە دروستی قسەی خۆمان بکەین.
درەخشەندە بیرەوەرییێکی ئەو کاتانە دەگێڕێتەوە کە لە تەلەڤزیۆنی کرماشان کاری کردووە و لەگەڵ مەزهەر خالقی هاوکار بووە و بەم شێوەیە باسی ئەو کاتانە دەکات: بەڕێز مەزهەری خالقی بەڕێوەبەری وێستگەی کرماشان بوو، بەڕێوەبەرێکی یەکجار بە دیسیپلین بوو کە ئاگای لە کارمەندەکانی بوو. ئەو خۆی هونەرمەند بوو، هونەرمەندێک کە هەم کۆمەڵگاکەی بۆ گرنگ بوو، هەم کەشی گونجاوی بۆ کارمەندەکانی دەڕەخساند.
ناوبراو باسی مەبەستێکی خۆیشی دەکات کە بەرهەمهێنانی فیلمێک لە سەر ژیانی مەستوورە ئەردەڵانە.
درەخشەندە لەو بارەیەوە دەڵێت: ماوەیێکی زۆر بیرم لەوە دەکردەوە چۆن ئەو فیلمەی کە حەزم لێیە دروستی بکەم، واتە ژیاننامەی مەستوورەی ئەردەڵان کە یەکەم مێژوونووسی ئافرەتی ئێرانییە، حەزم دەکرد کار لەسەر ئەوە بکەم، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زۆریشم لەبارەی کردووە، کۆمەڵێک دۆکیۆمێنتم دەست کەوتووە، حەز دەکەم لێرە کاری لەسەر بکەم، یانیش لێرە کار لەسەر ئەو بابەتانە بکەم کە حەز دەکەم کاریان تێدا بکەم. بەهەرحاڵ ئەوە شتێکە هەمیشە بیری لێدەکەمەوە و لەو چەند رۆژەش کە لێرە بووم، هەستم کردووە دەکرێ لێرە کار لەسەر هەندێک بابەت بکرێ.
سینەماکارە کوردە ئێرانییەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد: “من لە ئێران فێرگەی سینەماییم هەیە، واتە لە بوارەکانی نواندن، دەرهێنان، مۆنتاژ و سیناریۆنووسین، حەز دەکەم لێرەش دەرفەتی ئەوەم هەبێ بۆ فێرکردنی هونەرمەندان لەبارەی تەکنیکەکانی سینەما.”
پووران درەخشەندە فیلمساز و دەرهێنەر و نووسەری سینەماییە. لە کرماشان لەدایکبووە، لە تەمەنی ۲۴ ساڵیدا کاری لەسەر یەکەم فیلمی خۆی کردووە بەناوی “تاعوون”، کە لە کوردستان وێنەی گیراوە. ژمارەیێکی زۆر فیلمی بەرهەمهێناوە و ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی فیلمسازی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئەکتەرانی سەربەخۆی ئەمریکایە.
درەخشندە و کار و خەڵاتەکانی
– لە ۲۷/۳/۱۹۵۱ لە کرماشان لە دایکبووە.
– ساڵی ۱۹۷۵ لە سکوڵی باڵای تەلەڤزیۆن و سینەمای تاران بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە.
– “تاعوون” یەکەم فیلمی دۆکیۆمێنتاری درەخشندە بووە.
– کاری دەرهێنانی بۆ ۱۲ فیلم کردووە.
– سیناریۆی ۷ فیلمی درێژی نووسیوە.
– بەرهەمهێنەری نۆ فیلم بووە.
– خەڵاتی باشترین فیلمی بینەرانی بۆ فیلمی “هیس…” لە ۳۲یەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر وەرگرتووە.
– دبلۆمی فەخری بۆ فیلمی “رابگە” لە فێستیڤاڵی جیفۆنی ئیتاڵی وەرگرتووە.
– لەوحی زێڕینی باشترین فێستیڤاڵی فەجر بۆ فیلمی “مەلی بچکۆلانەی بەختەوەری” لە ۱۹۸۷٫
– خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فیستیڤاڵی فەجر بۆ فیلمی “مەلی بچکۆلانەی بەختەوەری”.

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا