فرهنگ و هنریاداشت ها

ترووسکەی ڕەسەنی زمان لە قەڵەمی مامۆستا مــــەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیاندا

ئەمین گەردیگلانی

زمانی کوردی لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو لە ژێر زەبروزەنگی بێگاناندا بووە و هیچ دەسەڵاتێک هەل و مەودای گەشانەوەی پێ نەداوە و تەنانەت هەتا ئەو جێیەی بۆیان کرابێ بۆ تاواندنەوە و سڕینەوەشی هەوڵیان داوە و دەیان پیلان و دەهۆیان بۆ داڕشتووە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە ڕەوت و گەشانەوە نەکەوتووە و هەر زمانێکی دیکە بوایە بە جێی ئەو، ئێستا ئاسەواری نەمابوو. ئەمڕۆش ئەگەرچی زمانی کوردی تا ڕادەیەک لە برەودایە و کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی پێ بڵاو دەکرێتەوە و چەن کەناڵی تەلەویزیۆنیشی هەیە، بەڵام زیاتر لە هەموو کاتێ کەوتۆتە مەترسییەوە و ئاوا بڕواتە پێشێ بە دەستی خۆمان تەور لە ڕیشەی دەدەین و لە نێوی دەبەین. بە داخەوە زۆربەی نووسەران و ئەدیبانی ئەمڕۆی کورد لەگەڵ زمانەکەی خۆیان نامۆن و بۆ دۆزینەوەی وشەیەکی پەتیی کوردی و داتاشینی وشە حەفتا کەل‌وکون دەپشکنن و هەر کەس بە کەیفی خۆی وشە و دەستەواژە دادەتاشێ، بەڵام ئەوەی بە لایانەوە گرینگ نییە و هەر بە خەیاڵیشیاندا نایە ڕێزمانە.
رێزمان سەرچاوەی زمانە و هەر زمانێک ڕێزمانی تایبەت بە خۆی نەبێ و پێڕەوی لەو ڕێزمانە نەکرێ تێدا دەچێ. ئەگەرچی خاوەنی ملوێنان وشەی پەتی و تایبەت بە خۆشی بێ. بۆ وێنە زمانی فارسی دەتوانین بڵێین هەشتا لە سەدی وشەکانی، عەرەبی و زمانەکانی دیکەیە، بەڵام چونکە خاوەنی ڕێزمانێکی تایبەت بە خۆیەتی ئێستا یەکێ لە زمانە دەوڵەمەند و زیندووەکانی جیهانە.
ئێمەش بێتوو لە سەر زمان و ڕێزمانێکی یەکگرتوو پێک نەیەین و پێڕەویی لێ نەکەین، باشتر وایە هەر لە ئێستاوە دەستی لێ هەڵگرین و لەوە زیاتر خۆمان ماندوو نەکەین و وازی لێ بێنین. بیر و ئەندێشەیەکیش کە هەمانە وا چاکترە بە زمانێک بینووسین کە ڕێزمانەکەی دروست و ڕەسەنە و تێی دەگەین با دوایی تووشی پەژیوانی نەبین و نەڵێین بە جارێ ماڵی وێرانم ئەویشم چوو ئەمیشم چوو.
ئێستا لە باشووری کوردستان ئەو هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبە بڵاو دەکرێتەوە بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم دە لە سەدیان تەنیا کاغەز ڕەش کردنەوەیە و بۆنی زمانی کوردییان لێ نایە. زۆری و بۆریی نووسەر و شاعیری نادەرۆست و بڵاوکراوەی نابەرپرسانە بوونەتە درم و پەتای زمانەکەمان، شێوە زمانێکی ڕەق و تەق و هەللەق مەللەق و ناحەزیان دامەزراندووە و پێی دەنووسن کە لە ژێر کارتێکەری عەرەبی و فارسی و تورکی دان و نە ڕێزمانە کوردییەکە دیارە، نە هیچ کام لەو سێ زمانە بە تەواوی پێڕەوی لە ڕێزمانەکەیان دەکرێ.
نووسەران و قەڵەم بەدەستانی ئەمڕۆ بە داخەوە خۆیان بە عەللامەی دەهر دەزانن و فیز بە مەدرەکی زانستگایی و پلە و پایەی فەرهەنگی و ئەدەبییەوە لێدەدەن و تەنانەت دەماریان ناهێنێ نووسراوەی شاعیران و نووسەرانی قەدیم بخوێننەوە و بە کۆنەپەرست و سەلەفییان لە قەڵەم دەدەن. بەڵام ئەگەر چاوێک لە ڕابردووی ئەدەبی کورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە نووسەران و شاعیرانی نەمر چ خزمەتێکیان بە زمانەکەمان کردووە و هەر کامیان کۆڵەکەیەکی قایم و پتەو بوون بۆ ئەو میچە بەرین و بەرزەی زمانی کوردی و لە مەترسیی بوومەلەرزە و تێک تەپین پاراستوویانە و بە جوانترین شێوە هەتا ئەمڕۆیان هێناوە و داویانەتە دەست ئێمە. تەواوی ماوەی تەمەنیان لەگەڵ ئەو هەموو کەم‌وکووڕی و نەبوونی و چەرمەسەرێ و کوێرەوەرییەی بوویانە پارێزگارییان لە زمان و ئەدەبەکەی خۆیان کردووە و خوێنی دڵیان خواردووە و سووکایەتییان پێکراوە و بەند و ئەشکەنجە و زیندانیان بە گیان کڕیوە و تامڵیان کردووە و زمانەکەیان بە ڕۆحی خۆیانەوە گرێ داوە و هەتا دوایین ساتی ژیانیان بۆ گەشانەوەی هەوڵیان داوە و خەمیان بۆ خواردووە و بەو ئاواتەوە سەریان ناوەتەوە.


زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش لە حوجرەوە سەریان هەڵداوە و حوجرە دەورێکی گرینگ و بەرچاوی بووە لە بووژانەوە و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبەکەماندا. هەر لە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و نالی و مەحوی و حاجی قادر و بێکەس و پیرەمێرد و سالم و کوردی و بێخود و حەمدی و وەفایی و حەریق و قانع و سەیفولقوزات و حەقیقی و ئاوات و خاڵەمین و قزڵجی و زەبیحی و هەژار و هێمنەوە تا دەگاتە ڕاوچی و نووری و ئەم مامۆستایەمان کە ئەمڕۆ یادی دەکرێتەوە، هەموو لە حوجرەوە هەڵقوڵیون و هەر کام ئەستێرەیەکن لە قوژبنی حوجرەی گڵین و دووکەڵاوی و کون تێبووەوە هەڵاتوون و ئێستا ئاسمانی زمان و ئەدەبەکەمانیان ڕووناک و گەشاوە و زریوەباران کردووە.
جێی خۆیەتی لێرەدا بۆرە گلەییەک لە مامۆستایانی ئایینی و حوجرە بکەین و لێیان بپرسین بۆ بێدەنگن و دەنگ هەڵنابڕن و سەر هەڵنادەن؟ بۆ ئاسۆی حوجرە تەم گرتوویەتی و ئەستێرەی لێوە هەڵنایە. خۆ مامۆستاکانی ئەمڕۆ لە هەموو بارێکەوە لە مەلا و فەقێکانی قەدیم تێر و تەسەلتر و پۆشتە و پەرداختر و بێ‌خەمترن و ئازادیی قەڵەم و بەیانیش ئەمڕۆ زیاتر هەیە.
با لەوە زیاتر خوێنی خۆم تاڵ نەکەم و قسەی هەق و ڕەق نەدرکێنم و دڵانی ناسک و شێعراوی و هونەراوی لە خۆم شلوێ نەکەم و درێژدادڕی وەلا نێم.
ئەگەر بە چاوێکی هەقبینانە و سادقانەوە بڕوانینە بواری پەخشانی سەردەم لە ئەدەبیاتی کوردیدا لە دوای ماموستا هەژار، قەڵەمی مامۆستا مەلاعەبدوڵڵای ئەحمەدیان لەو بوارەدا لووتکەیە و پاراوی و ناسکی و ڕەوانی و ڕەسەنایەتی زمانی ئەو کەڵە نووسەرە مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەکات، زمان و وشە و زاراوە و دەستەواژە و پەند و قسەی نەستەق لە دەستیدا وەکوو مێو وایە و لە دانان و ڕیز کردنی وشەدا هێندە میعمارێکی زانا و مامۆستایە و هێندێ جار شیرینی و ڕێک‌وپێکی و جوانی لە زمانی پەخشانەکانیدا دەگاتە ئاستێک خوێنەر مەست دەکا و وەک دەروێش لەوانەیە حاڵی لێ بێ و شاگەشکە بێ.
مامۆستا ئەحمەدیان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و هونەری و سیاسیدا هەوڵی داوە و قەڵەمە بەبڕشت و بەتواناکەی وەک کانیاوی بەهاران وشەی ڕەسەن و پەتیی کوردی لێ هەڵقوڵیوە و خوێنەری وریا و کوردی‌زان و شارەزای زاراوەی ڕەسەنی موکریان دەزانن چ سیحرێک لە زمان و کەلامی ئەو زاتە پایە بەرزەدایە.
ڕۆمانی «گەلحۆ» گەنجینەیەکی دەوڵەمەند و بەنرخی ئەدەبییە کە کەلاوڕێژە لە وشەی ڕەسەن و پەتیی کوردی. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێکی ڕەخنەگرانە و تەوس‌ئامێزە و ئاماژە بە بیر و باوەڕ و خورافاتی کۆمەڵگای کوردەواری دەکا و دەیانداتە بەر پللاری تانە و سەرکۆنە.
لە بواری ئایینیشدا دەیان کتێب و وتاری بەنرخی نووسیوە و بە شێوەیەکی ڕۆشنبیرانە و سەردەمییانە ئاوڕی لە مەسەلە ئایینییەکان و بارودۆخی دین و مرۆڤ داوەتەوە و هەروەها زۆربەی گەورە پیاوانی ئەدەب و ئایینی بەسەر کردۆتەوە و سەبارەت بە ژیان و ئاسەواریان نووسیویەتی و تیشکی سەرنجی خستۆتە سەریان و بە کۆمەڵگای کوردەواریی ناساندون. مامۆستا ئەحمەدیان ئەو گەورە پیاوانەی بە چیای بەرز شوبهاندووە و لە ڕاستیدا هەر واشە. چونکە گەورە پیاوانێکی وەک عەللامە قزڵجی و عەللامە مەلا ئەبووبەکری موسەنیف و مەلا یۆسفی ئەسەم، بوداغ سوڵتان و مەلاجامی و…
هەروەها چەند لێکۆڵینەوەی ئەدەبی نووسیوە لەوانە وەفایی و سابڵاغ، مەولەوی و ئاسەوارەکانی لە دەلاقەیەکی نوێوە، بیرەوەریی مامۆستا هەژار، شێعر و هێمن، یادێک لە مەلا کەریمی فیدایی، شوێن دانانی قورئان و حەدیس لە سەر ئەدەبیاتی کوردی، سووکە ئاوڕێک لە مێژووی زمان و وێژەی کوردی و زمانی تەنز و تەوس و…
هەروەها چەند وتاری ئایینی و نەتەوایەتی نوووسیوە: وەک: کورد و ئیسلام، ڕۆژ، زەوی، مانگ، ئاو، هەوا؛ بیرەوەریی کارەساتی جەرگبڕ و دڵتەزێنی هەڵەبجە، زستانی دڵڕەشی کەوڵ سپی تێی تەقاند، جێژنی نەورۆز و پەیام و بیرەوەرییەکانی و…
لە وتاری «شێعر چییە و شاعیر کێیە؟ شیعر کەڵکی چییە و زیانی چییە؟ شیعری کۆن و نوێ تەوفیریان چییە؟»دا ئاماژە بە زۆر شتی جوان و ناسک دەکات و دەفەرمێ: «شیعر گڕ و گرپەی دڵانێکە کە مەنجەڵی دڵی چەند ئینسانێکی دیکە لەسەر کوانوویەکی سێ کوچکە وەکوڵ دێنێ و ئەو کوچکانەش بریتین لە:
۱ـ شعوورێکی تایبەتی و هەست و خوست و دیتن و بیستنێکی کە دەبێتە هۆی ئەوە شاعیر ڕەنگ و دیمەنی وا دەبینێ و بانگ و هاواری وا دەبیستێ کە هەتا ئەو هاواری نەکردووە و دەست نیشانی نەکردوون، خەڵکی ئاسایی هەواڵێکیان لەوان نەبووە، وەکوو ئەوەی کە هەر ئەو دووربینی بە سەر چاوییەوە بێ و هەر گوێی ئەو هەست و خوستی نهێنی ببیستێ!
کوچکی دووهەم دەزگایەکی یەکجار بەکاری بیرتاشین و چاوگۆڕین کە شاعیرێک بە هێزی ئەو دەزگایە دەتوانێ دوو کاران بکا، یەکەم: دووربینی دیتنی خەڵک بۆ دیتنی ڕاستەقینەکان ئەوەندە بەتین و گوڕم و قۆچاغ بکا، کە هەق و ناهەق و چاکە و خراپە بە ڕەنگێکی یەکجار زەق و زیندوو ببینن. دووهەم: دووربینی دیتنی خەڵکی وەها سەرەوبن کەن کە شتی زۆر کەم و بڕیان بە زۆر و زەوەند وەبەر چاوی بخەن!
کوچکی سێهەم: هێزی داڕشتنی بیر و لە قاڵبدانی خەیاڵ کە شاعیرێک بە جۆرێکی ئەوەندە هونەرمەندانە ئەو بیر و خەیاڵانە دادەڕێژێ و قاڵبەکانیان پێک دەگرێ و هاوتایان دەکا و جەمسەرەکانیان هاوڕەنگ و هاودەنگ دەکا و شایانی بیستنیان دەکا….»
کە بە بڕوای من جوانترین وەڵامی بۆ شیعر چییە بە دەستەوە داوە. بۆچوونی ئەو مامۆستا بەڕێز و زانایە وردبینانەترین وەڵامە بۆ ئەو پرسیارە.
لەو وتارەدا زۆر بێ لایەنانە شیعری نوێ و شیعری کێش و سەروادار هەڵدەسەنگێنێ و ئاماژە بەو خاڵە گرینگەش دەکا کە: شیعری نوێ ڕەنگە لای نەتەوەکانی دیکە نوێ بێ، بەڵام لە لای ئێمەی کورد سەدان ساڵە بە شێوەی بەیت و حەیران و بەندەکان کوتراوە و منیش بەش بە حاڵی خۆم ئەو ڕایەی دەسەلمێنم و لەوەتا دەستم قەڵەمی گرتووە و بیرم بڕی کردووە هەر لەسەر ئەو باوەڕە بووم و شیعری نوێم بە درێژە پێدەر و کامڵ بووی بەیت و حەیران و بەندەکان زانیوە. شیعریش ئەگەر شیعر بێ لە هەر قاڵب و فۆڕمێکدا بێ شیعرە و شیعری ڕاستەقینەش یانی ئاوێنەی زەمان، ئاوێنەیەک کە لە چوارچێوە گیرابێ یان بێ چوارچێوە بێ گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە جوانی و ناحەزی و هەقیقەتی ژیان و زمان و کۆمەڵگا نیشان بدا.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە تکا لە نووسەران و شاعیرانی لاو دەکەم ئاگایان لە زمانەکەمان بێ و هەوڵ بدەن زمانی کوردی بە شێوەی دروست و ڕێزمانی دروستەوە فێر بن و پێی بنووسن. ئەوەش تەنیا لە سایەی قەڵەم و ڕێبازی گەورە پیاوانی گەلەکەماندا وەدەست دەکەوێ و دەتوانین تینوایەتیمان لە کانیاوی بیر و زانست و زمانی ڕەسەنی گەورە پیاوانێکی وەک مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا ڕاوچی و مامۆستا ئەحمەدیان بشکێنین و پاراو بین و درێژە پێدەری ڕێگا پاک و بێگەردەکەیان بین.

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا