فرهنگ و هنر

ئایشە گووڵێ

حاجی عەبدوڵڵا حەمزە

ئێواران کە سێبەر شۆڕ دەبۆوە و بابم پشتی لە کار ڕاست دەکردەوە , دەیگووت: با بچین بزانین مام خدر ئەوڕۆ ئایشە گوڵێن بۆناڵیت ؟
مام خدر کەمێک لە مێشەکانی دوور دەکەوتەوە و دەستی بە بن گوێیەوە دەنا و ئیتر ئێمە و سروشت و مەلەکان گوێمان بۆ چریکە و قاسپەی مام خدر هەڵدەخست ,هەمیشە ئەوەم بۆ پرسیار بوو تۆبڵێی ئەو ئایشە گوڵێیە کێ بێت کە مام خدر ئاوا بە سۆز و هەستەوە لە زمان ئەوەوە بۆمان دەدوێت ؟ تۆبڵێی ئایا ئایشە گووڵ کەسێکی دیاریکراو بێت؟ یا
هێما و سیمبوڵی هەمو ئەو کچە کوێستانیانەیە کە یار و چوکەڵە سوارەکەیان لە درێژایی مێژووی پڕ لە هەرا وشێواوی ئێمەدا بۆ گەرمێنی دەگەرمەسێر بۆ پێشی شەڕ چووە ؟
زۆر جار ناوی (لەحسا , عەممان و یەمەن و دەریای عوود) لە سوارۆ و ئایشە گوڵە دا دەبیستی
بەڵام شۆڕە سواری وڵاتی چیا و بەفر لە لەحسا ,عەممان و یەمەن چی کردووە ؟
ئەو ناوچەیە بە هۆی نزیکی لە دەریا و لە شوێنە پیرۆزە ئایینیەکان هەمیشە بۆ ئیمپڕاتۆریەئیسلامیەکان بە تایبەت ئیمپراتۆری عوسمانی گرینگی هەبووە ,تۆ بڵێی سوکەڵە سوارەکەی ئایشە گوڵێ بۆ شەڕی ئەو ناوچانە جەلبی بۆ هاتبێت؟
هەوای ئایشە گوڵێ کە بە پێی پۆلێن کردنەکەی کتێبیەکەی ڕەهبەری مەحموود زادە دەکەوێتە دەستەی بەیتە خوازەییەکان, دڵەڕاوکەی کچانی ئەوینداری پێشینیانی ئێمەیە لە گومانی کوژران یا برینداربوونی یارە کەیان,
هەوای ئایشە گوڵێ باس لە ژەوانی و پەشیمانی کچانی ئەویندار دەکات کە بۆ هەتا شۆڕەسوارەکەیان لە زێد و دیار دوور نەبوو لە ژوانان دڵیان شکاندون و نەیانهێشتووە تینوایەتیان لە گۆلی گەردنیان بشکێ ؟
هەوای ئایشە گوڵێ یادکردنەوەیە لەو ڕۆژانەی یارەکەی ئایشەگووڵ هێشتا بۆ شەڕ نەچوو بوو و دەنگی ئەسپ سواری و داجلیتن و ڕمبازێن و نواسکە نواسکی(نووسکە نووسک) تانجی و حیلەی ئەسپ و کوڕە مەحەندەکان تا ئەو پەڕ شار و ئاوایی دەڕۆیشت
مامۆستا حوسێن شەشە پێی وایە ئایشە گووڵ هەر درێژەی سوارۆیە و ئایشە گووڵ شین و ڕۆڕۆی ئایشە گوڵە بۆ ئەو سوارەی کە لە ناو سوارۆدا باسی کراوە
فەرموون با پێکەوە زەینێ خۆ بدەینە بەشێک لە ئایشە گوڵێی مام خدر;
ئەوە ئایشە گوڵم دەڵێ :
خۆ ئەمن نەمدەزانی ئەگە چوکەڵە سوارەکەی من جەلبی بەدودا دێ ,ئەگەر بڕواتەوە بۆ سەفەری دەکاولە لەحسایێ
دەنا ئەمن دەچووم لە بوخچێم بۆ دێناوە دەرێ دەستەسڕێکی گوڵە بە ئاڵتوون وێم دەدا تا لە گەرمێنی دەگەرمەسێر و لە وڵاتەکەی غەریبیانی ئارەقی پێ لە سەر قەفی دە سمێڵان ڕا بماڵی
ئەوە ئایشە گوڵێ دەڵێتەوە ئەوە لە منی نایێ
ئەرێ ئەمن چبکەم نایێ نایێ
هەڵات هەڵات و بگربگری ئەوی چوکەڵە سوار و قایمەسوارەکەی من لە منێ نایێ
ئەوە نواسکە نواسکی ئەوان تانجیان ,توڵان ,حیلەی ئەسپان ,کوڕەی محەندەکان ,جڕەی چەکمان ,دەنگی مامزان هەر لە منی نایێ
خۆ ئەمن نەمدەزانی ئەگە چوکەڵە سوارەکەی من جەلبی بە دوا دێ ,هەر لە نوێژی دەسبحەینێ ڕا هەر دەهاتەوە ودەپاڕاوە بۆتاقە ماچێکی ,ئەمن بە سەرێکی شین و بە ملێکی بەدەوار نەمدەدایێ
ئەگەر بێت و بێتەوە لە وێ سەفەری دە کاولە لەحساری شەرت بێ بەشەرتی دەخوای ئەمن کوڵمی ڕاستی لەبەر بگێڕم و ئی چەپەشی دەبەمەوە
ڕەجایێ
ئەگەر بە وێ قسەم لە گەڵ ئاشت نەبێتەوە دەبێ ئەمن لەبۆی بترازێنم دوگمی سینگ و مەمیان هەر وەکو کتێبێکی ئەگەر مەلایان شەوی دە جومعان و ڕۆژی دە موبارەکی لێک دەکەنەوە و لە پێۺ خۆی دادەنێن و لێی دەکەنەوە
موتاڵایێ
ئەوە ئایشە گوڵم دەڵێتەوە چبکەم لە منێ نایێ هەی لە منی نایێ نایێ
جا ئەوە ئەمن دەچمە سەر ڕێ و ڕێگایێ
دەپرسم لە سواران ,سەفەرییان و لە ڕێبواران ,لە قافڵەداران
ئای داخوا هیچ خەبەری دە ئەسەحیان لە چوکەڵە سوارەکەی من نەدەزانینە
ئەمن بۆ خۆم دەزانم ئەوە سواری هەمو کەس هاتەوە لە سەفەرێ , هەر سوارەکەی ئایشە گوڵێ سەرشین و قەلەندەرم نەدەهاتەوە بەتەنێ
ئەمن بۆ خۆم بە دڵی خۆم دەزانم ئەگە ئێستا چوکەڵە سوارەکەی من دێتەوە بە تەنێ
بریندارە هەی بیست و دوو برینی هەن لە بەندەنێ نا وەڵڵا بیست ودوو برینی هەن لە لەشینە
لە هێندێکیان دێتەوە هەر زوخاوە و لە بەعزێکیان دێتەوە دوکەڵێک لەوی دەشینە
ئەوە ئایشە گوڵم دەڵێ :
دەستی منو دەبێتەوە بە دامان ,ئەوە لە بۆم بگەنە ئەوان حەکیمان و لوقمانان ,تەبیبان ,هیچ دەستی دەخۆی نەکەنێ
هەتا وەکی لە بۆ خۆمی دەگەمێ ,ئەگە ئەمن لە بۆ خۆمی بگەمێ
شەرت بێ لە بۆی درووست بکەم دەستێکی لە وێ دە مەڵحەمێ, لە گەڵ ئەوێ شامەڵحەمێ
لە حێلێ ! لە جەوزێ ,لە تۆزی میخەکێ ,لە بەنگێ ,لە وان وردە وردە فەرەنگیان
ئەوجا دەستاوانی دەدەمێ لە ئارەقی قوڵکەڵەی بەر گەردنێ
ئەگەر بە وێ قسێشی سێبووری نەدەهات شەرت بێ بە شەرتی دەخوای بۆی ببڕم سەرگۆی مەمکی خۆم ,ئای بە دەستی خۆم بیهاوێمە سەرێ هەتا نەهێنیتەوە هەوایێ لە گەڵ ئەوێ تەشەنێ

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا