جامعهیاداشت ها

جل و بەرگی کوردی پاراستنی هێما و ڕەسەنایەتی یا کەرەسە و ئامێری بەرەژەوەندی و ڕێکلام و بانگەشەی هەڵبژاردن…!

حاجی عەبدۆڵڵا حەمزە

هەر تاکێکی مرۆڤ، کە خۆی ناسی، بنەماڵە و خزم و گەل و نیشتمانی دەناسێ و ئەوجار خوداش بە ڕاستی دەناسێ.
خودا، مرۆڤەکانی کردوونە هۆز و تاقم و گەلانی لە یەکتر جیا…،
جیا بەو واتایەی کە مافی ئەوەی پێداون کە زمان و شێوازی ئاخاوتن و پۆشاک و نەریتی تایبەتیان هەبێ و بیپارێزن و گەشەی پێ بدەن و تەنانەت شانازی پێوە بکەن.
لە پانتایی وەڵاتی گەورەی ئێران دا، چەندین نەتەوە هەن کە زمان و بەرگ و نەریت و کولتووریان لە یەکتر جیاوازە و سەرەڕای ئەوەی ڕێی خوێندن بە زمانی خۆیان پێ نەدراوە، بەڵام، زمان و نەریتەکانی خۆیان پاراستووە؛ گەلی کورد لە هەموو نەتەوەکانی پانتایی ئێران، زیندووتر ماوەتەوە و وەک گەلێکی زیندوو، پارێزەری زمان و کولتوور و هێماکانی بووە و هەوڵی مانەوەی داوە و تووڕەیی و قەڵسی بە زۆر شێوە، بەرامبەر ئەوانە نواندووە ڕێز لە ماف و زمان و کولتوور و هێماکانی ناگرن و لە دەرفەتەکانیش بۆ ناساندنی زمان و هێماکان و مۆسیقا و گۆرانی و مێژوو و ژیار و شارستانیەتی خۆی، لە کۆڕ و فستیڤاڵ و جێژن و بۆنەکانی نەتەوەیی و ئایینی، کەڵکی وەرگرتووە.
جل و بەرگی هەموو گەلانی ئێران، زیاتر لە نەوەت لە سەتی گۆڕاوە و بە قسەی خۆیان، بوونە جیهانی و پۆشینی پۆشاکی پێشینەکانی خۆیان پێ شەرمەزاری و دواکەوتووییە!
لە لای ئێمەش، هێندێک کەس، لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەگەر بۆ خوێندنی زانکۆ یاهەر کارێکی دیکە، چوویە شارێکی دیکە و بەرگی بە بڕوای ئەوان فەڕمی و ڕەسمی نەپۆشی، کەل و پەل و خواردەمەنیت گران پێ دەفرۆشن و بۆ دیتنەوی ئادرەس و ناونیشانی شوێنەکان، شوێنەونیت پێ دەکەن، یا ئەگەر وەک کارمەند و فەرمانبەری ئیدارەیەک لە شاری خۆت بەرگی نەتەوەی دەستەڵاتدار نەپۆشی، لێپرسینەوە و لێپێچینەوەت لێ دەکەن و ڕەنگە لە کار دەرت بکەن…!؟
ئەو قسانە و ئەو بیانووە، تەنیا پاستاوی هەڵخەڵەتاوی و خۆدۆڕاندنە، دەنا… کەس بە هۆی پۆشینی بەرگی نەتەوەیی خۆی ئەگەر هێندێک ورە و زانیاری هەبێ، ناتوانن بێ ڕێزی پێ بکەن و لە کاری دەرکەن…! ئەوانەی زانیاریان لە سەر گەل و زمانی خۆیان نیە و توانای وەڵامیان نیە و ترسەنۆک و بێ ورەن، ئەو بەهانەشیان هەن.
بەڵام، بۆ بۆنە و مەڕاسمەکانی خۆجێیی و نێوخۆیی، کێ زۆریت لێ کردووی کە لیباسی خۆت داڕنی و بۆ ڕۆژی شایی و زەماوەندت کە بە مۆسیقا و گۆرانی کوردی هەڵدەپەڕی و ئەوانەی بانگت کردوون نزیک بە تەواویان کەواو پانتۆڵیان دەبەرداو ژنەکانیش هەموو بە کراس و پشتێن و دەسماڵی کوردی بۆت هەڵدەپەڕن، ئەتۆ بۆچی کۆت و شاڵوارێکت دەبەر کردووە کە باسک و پیلت هەڵێنی بن هەنگڵت دەدڕێ و لینگان هێندێک لێک بڵاو بکەی یا لە ناکاو دانیشی نێفۆکت هەڵدەپچڕێ و لە هەمووش سەیرتر، پەتکی شارستانیەتت (کراوات) دەملی خۆ کردووە و خۆ بەو پۆشش و بەرگەوە هەڵدەکێشی و شانازی پێوە دەکەی و دەبیە هۆی ئەوەی کە نەوەی نوێ، لاساییت بکەنەوە، چ گوشارێکت لە سەرە؟ لێرەش، دەستەڵات و عەجەم و مەجەم و حەراسەت و … تینیان بۆ هێناوی خۆت بدۆڕێنی؟
هەموو خولێکی هەڵبژاردنی پارلمان و شۆڕای شارەکان، زۆربەی بەربژێر و کاندیداکانی خۆجێی و کورد کە پێشتر، ڕەنگە بۆ جارێکیش، کەواو پانتۆڵیان دەبەرنەکردووە و باوەڕیان بەوە نەبووە کە پۆششی نەتەوەیی خۆیانە و گاڵتەیان پێکردووە و ئێستاش ناتوانن دۆخین و پشتێن ببەستن…!؟ بۆ خەڵگ خەڵەتاندن و نواندنی ئەوەی کە هاوڕەنگ و هاوشێوەی خەڵکن و لەوانن و لە خەڵک جیاواز نین …! بە هەموو ڕەنگ و مۆدێلێکی پۆششی کوردی، وێنەکانیان دەکەنە پۆستێڕ و بنێری بانگەشە و ڕێکلام و بە نووسینێکی شێواوی کوردی، دروشم و ئامانجەکانیان زەق دەکەنەوە…!
بەڵام هەر کات دۆڕان و دەنگیان نەهێنایەوە یا سەرکەوتن و “کەرەکەیان لە پردێ پەڕیەوە”! ئەو جل و بەرگانەی پۆشیبوویان، یا بە “سپاردەیی” (امانت)، لە خزم و هاوڕێیان وەریانگرتبوون یا بە نابەدڵی کڕیبوویانن، هەر لە گەڵ ڕاگەیاندنی ئاکامی دەنگدان، فڕێیان هەڵدەدەن و ڕێزیان نامێنی و دەبنە دەفری کاتی (ظرف یکبارمصرف) و دەخرێنە زبڵدانی بیرەوەریەکانیان…!؟
سرنج…!
(مەبەستم کەسێکی تایبەت و دیاریکراو نیە و ئەو بابەتە “گشتگیر”ە (تعمیم)

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا