جامعهفرهنگ و هنر

«شاری پینەو پەڕۆ»

* قادر عەلیخا
پینە کردنی جل و بەرگ لە ڕابردوو دا شتێکی زۆر ئاسایی بوو. لە گوندەکاندا زۆر کەست دەدیت کەوا، یا پاتۆڵەکەی پینەیەک یان چەند پینەی پێوە بوو. زۆر جار چاوت بە ژنێک دەکەوت کە لە بەر درگا دانیشتبوو و خەریکی پینە و پەڕۆ بوو. لە ڕاستی دا ژنان بە ڕۆژ دا ماوەیەک خەریکی ئەو کارە بوون و کاتی خۆیان بە پینە و پەڕۆ کردنی جل و بەرگی ئەندامانی بنەماڵەوە پڕ دەکردەوە.
زۆر جوان لە بیرمە، وا دەزانم هەر دوێنێکە بوو. بەیانیان ئەو کاتەی نەنکم تەندوورەکەی دادەخست و گەرم دادەهات و دووکەڵەکەی تەواو دەبوو، مانگی دووسێ کەڕەت، باپیرم بە مقاشێک و هەندێک لەتە جیرەوە دەهاتە ژورێ و پێڵاوە دڕاوەکانمانی لە لای تەندوورەکە ڕیز دەکرد و مقاشەکەی دەنا سەر لێواری تەندوورەکە و دوای سوورەوە بوونی مقاشەکە بە کاوەخۆدەستی دەکرد بە پینە کردنی پێڵاوە دڕاوەکانمان. زۆربەی بەیانییەکان بۆچرووکی جیری سووتاو نێوماڵەکەی دەئاخنی و هەموومانی تووشی سەرئێشە و بێزاری دەکرد. بەڵام لەبەری ئەوەی پێڵاوەکانمانی پینە دەکرد و لە بێ پێڵاوی ڕزگاری دەکردین، بە دڵخۆشیەوە چاومان دەبڕیە دەستە قەڵەش قەڵەشەکانی باپیرم و چاوەڕوان دەبووین پێڵاوە دڕاوەکانمان پینە کات و لە دەست تەڕبوون و تەزین و جڵقە جڵقی قوڕاو ڕزگارمان کات. چونکە ئەگەر ئەو پینەی نەکردایەن هەرکە پێمان بنایێتە نێو کۆڵانەوە، نێو پێڵاوەکانمان پڕدەبوون لە قوڕاو و لاق و پلمان دەتەزین.
نازانم ئێوە ئەوەتان بە سەر هاتووە یان منداڵی خودا پێداوان بوون و هەمیشە بە پێڵاوی تازەوەگەڕاون. بەڵام من ئەو دەردەم زۆر چێشتووە و دەزانم کاتێک پێڵاوی مرۆڤ پڕدەبێ لە لیتە و، قوڕو چڵپاو و بە نێوانی قامکەکەنت دا فیچقە دەکات زۆر زۆر ناخۆشە. هیوادارم ئەو بەڵایە بە سەر هیچتان نەهاتبێت.
دیارە ڕۆژگاری ئەم پینە و پەڕۆیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی هەژاری و نەداری باڵی بەسەر وڵات داکێشابوو و بە هۆی شەڕ و ئاژاوە و بێ کاری، خەڵک دەستیان تەنگ و سفرەیان ویشک و بەتاڵ بوو. هەر بۆیە بە ناچاری پەنایان دەبردە بەر ئەم پینە و پەڕۆیانە و بە هۆی ئەو کارەوە، خۆیان لە ڕووتی و بێ پێڵاوی ڕزگار دەکرد و ژیانی کۆڵە مەرگی و مەمرە و مەژیان دەبردە سەر.
زۆرجار بابم باسی پیاوێکی هاوتەمەن و هاودێی خۆمانی دەکرد بە نێوی کاک «حەمە سەعید» و دەیکوت: ماڵی حەمە سەعید زۆر هەژار و دەستکورت بوون. هەر خەریکی شوانی و سەپانیو نۆکەری خەڵک بوون. هەر کە جستان دادەهات خودا خودایان بوو ماڵێک ئەگەر بە نانەرگیش بێ کارێکیان داتێ و پێی بەڕێ بچن. ئەو باسی پیاوێکی عەجەمی دەگێڕاوە کە نۆکەری ماڵێک دەبێ و لە جستان دا خاوەن ماڵەکە پێی دەڵێ: «کاکە ئێمە بۆخۆمان زۆرین و کوڕەکان هەموویان بێ کار و دەستبەتاڵن و ئێمە پیاومان ناوێ و ئەگەر دەکرێ کارێک بۆخۆت سۆراغ کە و لێرە بڕۆ». عەجەمە دەڵێ: «کاکە پووڵ و بەراتم ناوێ. لێم گەڕێ با هەر بە نانە زگیش بێ لێرە بمێنمەوە و بەو جستان سەغڵەنییە نەڕۆم». خاوەن ماڵەکە دەڵێ: «ئاخر خەرج و مەخاریج گرانە و تۆمان پێ بە خێو ناکرێ.بە خوا زمهەڕەکەمان بەشی خۆشمان ناکات». عەجەمەکە دەڵێ:« ئەگەر لێم گەڕێی لێرە بمێنمەوە و نەڕۆم هەموو کارەکانتان بۆ دەکەم و نێونێوەش بە ڕۆژوو دەبم و نان ناخۆم».
باوکم کاتێک باسی ئەو کک سەعیدەی دەکرد دەیکوت: «سەعید کەوایەکی لەبەردا بوو ئەوەندەی پینە لێ درابوو پارچەکەی خۆی نەدەناسراوە و معلووم نەبوو لە سەرەتا داچ ڕەنگێک و چ پارچەکەیک بووە.»
ئەو سەردەمی پینە و پەڕۆیە سەردەمێکی تاڵ و ناخۆشە و ماوەیەک بوو وەک ڕابردوویەکی دزێو چاوی لێ دەکرا و هەر لە سندووقی بیرەوەرییەکاندا ئاسەواری مابوەوە و کەس کەڵکی لێ وەرنەدەگرت. زۆر جار لە دەمی هاوڕێی و هاوتەمەنەکانی خۆم دەبیست دەیانکوت: یاخودا بڕواو ئیتر نەیێتەوە. هەر چەند ئێستا بە جل و بەرگ و پێڵاوی هیچ کەسێکەوە پینە نابیندرێ، بەڵام بە داخەوە هەر کاتێک هەنگاو دەنێتە سەر شەقامەکانی ئەم شارەوە دەبینی دەیان پینەیان پێوەیە و شەقام نیە لە سەدان لاوە پینە نەکرابێت و مۆری هەژاری و نەداری بە نێو چاوانەوە نەبێ. زۆر جار کە چاوم بە ئەو چڕە دووکەڵ و قرەمشقەڵانانەی کە کرێکارەکانی شارەداری کە بە دەم پینە کردنی شەقامەکانەوە وەڕێی دەخەن دەکەوێ ، دەسبەجێ دەکەومەوە بیری ئەوکاتەی کە بابەگەورەم دەستی دەدایە مقاشە سوورەوەبووەکەی و لە سەر تەندوورەکە هەڵیدەگرت و پێڵاوە جیرەکانی بۆ پینەدەکردین و چڕە دووکەڵیان لێ هەڵدەستاو بە کولاوکەکەدا دەچووە دەرێ. ئێستا بە دیتنی ئەو پینە و پەڕۆیانە هەموو جارێک مووچڕکێک بە لەشم دادی و ترسێکی تۆقێنەر ئەوکم دەگرێ و وەک مۆتە دەنیشێتە سەر دڵم. بە دیتنی ئەو پینانە، هەموو جارێک دەکەومەوە بیری قسەی بابم و کەوا ڕەنگاو ڕەنگەکەی کاک سەعید م بیر دێتەوە و بۆنی چڕە دووکەڵ و پێڵاو پینەکردنەکانی باپیرم دێتەوە بیرو و بە خۆم دەڵێم: «بڵێی نەگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە ناخۆشانە و تووشی ئەو ڕۆژە ڕەشانە نەبینەوە؟»
ئێستا فەرماندار و شارەداری ئەم شارەم، وەک باپیرەم دێتە بەر چاو و شەقام و کۆڵانە پێینەکراوەکانی شاریش، وەک پێڵاوەکانی خۆم و کەواو پاتۆڵە پینەکراوەکەی کاک سەعید دەبینم. ئەم شارەشم لێ بووەتە، شاری پینەو پەڕۆ.
ئاخر پێشینیان زۆر لە مێژە کوتوویانە: ساڵی خۆش بە بەهارەکەی دا دیارە. بڵێی ئەو پینە و پەڕۆیانە لە سنگی شەقامەکانەوە نەگوێزرێنەوە بۆ نێو شان و دەرەلینگی کاواو پاتۆڵ و نووک و پانییەی پێڵاوەکانمان؟ ئەم بایە لەو کونەوە بێ، لە داهاتوویەکی نزیکدا، پینەی ڕەنگاو ڕەنگ بە نێو شانی خۆمانەوە دەبینین.

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا