شینی مامۆستا حەقیقی
*کوبڕا کاکەڵڵایی
گوڵی باخی ئەدەب ژاکا بە جارێ
بەجێیهێشتین هەمیسان شۆڕەسوارێ
هەڵیکرد بای خەزان لەم چەرخ و دەورە
وەری پەلک و چرۆی دارێکی گەورە
شکاندی گشت لق و پۆپی بە جارێ
هەڵیکەند پیرەداری بەرزی شارێ
عەزادارن وڵاتم چووک و گەورە
بە خەم چاوانی لێڵ بوو حەوزەگەورە
مەلی باخی ئەدەب باڵی شکاوە
خەفەت وەک تەم بە سەر شارا کشاوە
چریکەی لێبڕا قومری لە باخان
بەرۆکی دادڕی سوورگوڵ لە داخان
لە ئاسمان و فڕین بێزارە کۆتر
فڕەی باڵی نەما لەم شارە کۆتر
لە داخ و ماتەمی کۆچی حەقیقی
لە چاوی گوڵ وەری ئەشکی عەقیقی
مەکۆی هەستی ئەوین بوو هەستی بەرزی
بە کۆچی پشتی شێعری کوردی لەرزی
قەڵا و پشت و پەنای ئەهلی ئەدەب بوو
لە شەودا شەوچرای ئەهلی ئەدەب بوو
بە مەرگی تۆزی خەم لەم شارە باری
لە تاوی شین دەگێڕن بەرد و داری
چرای کۆڕی ئەوینداران کوژاوە
بە ڕوویان دەرکی تاریکی کراوە
لە پاشی ئەو ئەویندار ڕوو لە کوێ کا؟
ئیتر بۆ ڕێنوێنی ڕوو لە کێ کا؟
بە چی خۆش کەم دڵم دوای تۆ حەقیقی؟
مەکۆی دەرد و کوڵم دوای تۆ حەقیقی
وەها ڕەشپۆشی کردم ماتەمی تۆ
لە دڵ دەرناچێ تاکوو هەم خەمی تۆ
لە دڵما هەر نەمامی خەم دەنێژم
بە دڵ ئەشکی خەمت بۆ هەڵدەڕێژم
ئەتۆ پیری وڵات و شارەکەم بووی
هەتاوی ژینە تاڵ و تارەکەم بووی
هەتا ماوم دەکەم هەر شین و ڕۆی تۆ
لە شادی تا دەژیم نامۆم، لە سۆی تۆ
حەقیقی تاقە خۆری ڕوونی کەل بوو
دەڵێم مەرگی بە ژانی مەرگی گەل بوو.