کوردستانی سوریا : لەنێوان گەمەی تورکیە،ئێران و ڕووسیا
نووسینی: مەولوود ئافەند
ڕووداوەکان لەسەر ئاستی جیھانییدا کاتێک دەبنە ھۆی گۆڕانی ھاوسەنگی ھێزی زلھێزەکانی جیھان، ئەوجا مەترسی لەسەر پێگەی حکوومەتەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان و سەڕۆکەکانیان،ھەتا دەگات بەھێزی ئۆپۆزسیۆن و میلشیا چەکدارەکان لە جیھانی سێھەمدا بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت،لەبەرئەوەی ھەموویان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و کورسیەکانیان یان مانەوەیان،بەسەر بەرەی جیاوازدا لەسەر ئاستی جیھاندا دابەشبوونە،ئەو گۆڕانکاریانەی لە داھاتوودا لە ھاوکێشەی ھێزدا دروست دەبێت،لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا نییە و گشتیان لەژێر ڕەحمەتی بڕاوەدا دەمێنەوە،ئەوان بڕیار بەدەستی چارەنووسی خۆیان و سنووری دەسەڵاتیان دەبن،لە ئەنجامدا چاوەڕوانی گۆڕینی نەخشەی جۆگرافیای وڵاتانی جیھانی سێھەم ئەگەرێکی بەھێزە کە ڕوودەدات،وەک لە کۆتایی جەنگی یەکەم و دووەمی جیھانیدا جوڵانەوەی کوردییان خامۆش کرد و کوردستان ــ یان دابەشکرد لە کاتێکدا جووڵانەوەکانی ئەو کاتیش ئەمڕۆ ئاسا خۆیان لە بەرەی زلھێزێکی ناوچەیی یان جیھانیدا ساغ کردبووە.
لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا تورکیە پێداگری لە سەر پێویستیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ بۆ سەر کوردستانی سوریا دەکات،چوونکە بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ھێزە کوردییەکانی سووریە سەر بە پەکەکەن و بە ھەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ سەر تورکیە دێنە ھەژمار.
سەرەڕای ھەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیە ئێستا ئەم ھێرشە بە ھۆی دژایەتیی ئەمریکا و ڕووسیە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەیە لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی “پەیەدە” و “ھەسەدە” ڕووی نەداوە.
“ئەردۆغان” لە سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیە داوای گڵۆپی سەوزی لە مۆسکۆ کرد،لە کۆبوونەوەی چەند رۆژ پێش ئێستای نێوان “ڤلادیمێر پووتین” و “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان”دا،سەرۆک کۆماری تورکیە ئەم بابەتەی وروژاند و ھەوڵیدا رەزامەندیی ڕووسیا وەربگرێت سەبارەت بە ھێرشکردنە سەر کوردەکانی کوردستانی سوریا.
ئەردۆغان دەیەوێت بە ملیۆنان پەنابەری سووری کە لە تورکیە دەژین بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان،بە دووری مەزانن ئەردۆغان داوای جیدی لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پووتین بکات،دژایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە نەکات کە بڕیارە لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان ئەنجامی بدات.
سوپای داگیرکەری تورک دەیەوەی دوبارە بەشێکی تر لە خاکی کوردستانی سوریا لە ڕێگای ھێرشی سەربازییەوە داگیر بکات.تورکیە بەکەڵک وەرگرتن لە ھەڵومەرجی ئێستای ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ناوخۆیی سووریە دەیەوەی درێژە بە داگیرکارییەکانی خۆی بدات بۆ گەورە کردنەوەی قەڵمڕەوی نەخشەی جۆگرافیایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دەست بەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی ئابووری.
لە کاتێکدا ھەموو کۆمەڵگەی جیھانی سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیایە،ئەردۆغان باش دەزانێ کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە چۆن بەقازانجی خۆی بقۆزێتەوە و لە ھەوڵی داگیرکاری نوێدایە.
ھەرچەندە نەخشەی ھێرشێکی لەو شێوەیە بۆ سەر سووریە و کوردستانی سوریا سەرەڕای دروستبوونی قەیرانی مرۆڤی و لاوازبوونی بەرەی شەڕی دژ بە داعش کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی دەبێت.
ماوەی دوو ھەفتەیە تەواویی کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی تورکیە و نزیک لە پارتی دادوگەشەپێدان سەرقاڵی ئامادەکردنی بیروڕای گشتی خەڵکی تورکیەنە بۆ مەشرووعیەت پێدان بەھێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستانی سوریا و ھێزەکانی پەیەدە و ھەسەدە و شەڕڤانانی کورد.
چاپەمەنیەکانی تورکیە بە تینوتاوێکی زۆرەوە سەرقاڵی پێشاندانی نەخشەی دەوڵەت باغچەڵی سەرۆکی پارتی مەھەپە (حیزبی نەتەوەپەرستی)تورکیەیەن و دوورشمەکانی ئەو پارتە توندڕەوەنە،کە دەبێتە ھاوڕێ و ھاوپەیمانی ستراتیژیکی ئاکپارتی لەو چەند ساڵەی دواییدا.پارتی دادوگەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرەستی تورکیە لەو چەند ساڵەی دواییدا بوونەتە ھاوبەشی ستراتیژی و قامەکەکانیان بەنیشانەی ھێمای گورگە بۆرەکان لەبەردەم کامێرای وێنەگران بەرزکردۆتەوە و ھاوار دەکەن؛ ھێرش بۆ سەر کوردستانی سوریا،پێویستیەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیە.
چەند رۆژ پێش سەفەرەکەی ئەردۆغان بۆ شاری تاران و بەشداری لە کۆبوونەوەی لووتکەی سێ قۆڵی ئەستانا ھاوکات لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا،ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیە،لەناو ئەندامانی پەرڵەمانی تورکیە ئاماژەی پێ کردبوو،کە دەبێ ئۆپەراسیۆنی نیوەچڵی پێشوو تەواو بکەین.
پێویستە ئۆپەراسیۆنی پاکردنەوەی تەواویی ناوچەکانی تەڵڕەفعەت و مەنبج بەزووترین کات کۆتایی پێبێنین و سوپای تورکیە لەو ناوچانە جێگیر بکەین.چۆن سیاسەتی دەرەوەی تورکیە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی تورکیە پراکتیزە دەکرێت و ئێمە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیە لە ھیچ کەس و وڵاتێک ئیزن وەرناگرین و ھەر کات پێویست بکات،ھێرش دەست پێدەکەین بۆ سەر سووریە.
ھەرچەندە ھەموو دەزانین ئەردۆغان بۆ ئەوەی گوشار دروست بکات،لەسەر ئەمریکا و ڕووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام بانگەشەی ھێرشکردنە سەر سووریە و عێراق یانیش کوردستانی سوریا و کوردستان عێراق دەکات.ھەر ئێستاش تورکیە دەیەوەی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ زیاتر لە (۴٧٠ )گوند وشارەدێ لە کوردستانی سوریا داگیر بکات.ڕووبەری گشتی ئەو ناوچە نوێیانەی تورکیە دەیەوەی داگیری بکات،بەرابەرە بە(۶٠٠)کیلۆمەتری چوار گۆشە.
ھەڵوێستی ئێران و ڕووسیا چییە؟
لە چەند ساڵی ڕابردوو،ڕووسیا وئێران لە پاڵ تورکیە،ھاوپەیمانی سەرەکی پێڤاژۆی دانووستانەکانی (ئاستانە) بوونە و ھاوکاری ئەو سێ وڵاتە،بۆتە ھۆکاری سەرەکی لە تێکچوون و سەرھەڵدانی زیاتری قەیران و ناسەقامگیری دۆخی ئاسایشی ناوچەکە.بەڵام حەقیقەت ئەوەیە،تورکیە لەو ساڵانەدا،ھەرگیز بەتەواویی پاپەندی بەڵێنەکانی خۆی نەبووە و وەک نموونە: بەھۆی کەمتەرخەمی و پێشڵکاری لە ناوچەی ئەدڵیب،بەردەوام بۆتە جێگەی ڕەخنەی تاران و مسکۆ.
ئێران و ڕووسیا ،بەشێوەیەکی بەردەوام ھەر جۆرە ھەڵوێست و دژایەتیکردنی تورکیەـــ یان،لە سنورەکانی سووریەدا مەحکووم کردوە،داواکاریان ئەوە بووە،تورکیە ڕێز لە سەروەری یاسایی و خاک و دەسەڵاتی سووریە بگرێت.کۆماری ئیسلامی ئێران بەھیچ شێوەیەک ڕازی نییە،تورکیە ھێرشی سەربازی بکاتە سەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دۆخی ئاسایشی ناوخۆیی سووریە لەوی ھەیە،زیاتر ئاڵۆزتر بکات،بۆیە بەردەوام ڕایگەیاندوە دەبێ کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیە و سووریە لە ڕێگەی گفتوگۆی لۆژیکەوە چاڕەسەر بکرێت و جەنگ و لەشکەرکێشی ناتووانی چاڕەسەری کێشەکانی نێوان تورکیە و سووریە بکات.
ھەرچەندە ئێران بەباشی لە ترس و نیگەڕانیەکانی تورکیە تێدەگات و دەزانی بەھێزبوونی پێگەی کورد لە کوردستانی سوریا دواجار دەبێتە ھۆی جیابوونەوە و سەربەخۆیی حکوومەتی خۆسەری کورد لەو بەشەی کوردستاندا،ئەوەش لە داھاتوودا دەبێتە جێگەی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و یەکپارچەیی ئێران،بۆیە ھاوتەڕیب لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەردۆغاندا ھەنگاو دەنێن و بەردەوام پێداگری لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریە دەکەنەوە.ئێران ھاوکات لەوەش تێگەیشتووە تورکیەی ئێستە جیاوازی زۆرە لەگەڵ ساڵانی نەوەدەکان و ئێستا تورکیەی نوێ خەون و یۆتۆپیای جیاوازتری ھەیە بۆ زاڵبوون بەسەر دۆخی ژئۆپۆلتیکی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.بۆیە بەردەوام بەرپرسانی ئێرانی پەیامی ئەوەیان بەگوێ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی تورکیە داداوە کە بۆ تێگەیشتن و گفتوگۆی ئەرێنی ڕێز لە سنورەکانی دراوسێتی و دۆستایەتی مێژوویی بگرن و ئێران ئامادەیە ھاوشێوەی ڕابردوو پێشگیری بکات لە دروستبوونی ھەرچەشنە سەربازی کە ئاکامەکەی دەبێتە ھۆی زیاتر بوونی قەیران و ئاوارەیی و کووشتاری خەڵکی مەدەنی لە سووریەدا.وەک ئەوەی بەدرێژایی شەڕی سووریە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و ماڵ و ژیانیان تێدا چووە.بۆیە تەنیا ڕێگەی چاڕەسەری قەیرانی ناوخۆی سووریە ئاشتی و دانووستان ودیالۆگی ئاشتی ـ ئاشتیە،بۆ،ڕێگری کردنی زیاتر لە شەڕ.
لەو ناوەندەدا ڕووسیاـش ھەمان بۆچوونی ئێرانی ھەیە بۆ چاڕەسەری پرسی ناوخۆیی سووریە و کۆبوونەوەی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریە کە لە ئێستادا تورکیە بەھەموو شێوەیەک پاڵپشتی پارە ولۆجستیکی یان دەکات.ڕووسیا بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەکات؛ تورکیە دەست لە ھێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستانی سوریا و سووریە ھەڵگرێت و خۆی بەدوور بگرێت لە ئاژاوەی زیاتر،چۆن ھەر جۆرە ھێرشێکی سەربازی دواجار جگە لە پێشێڵکاری ڕاستەوخۆی سەروەری یاسایی خاکی سووریە،دەبێتە ھۆی پارچەبوونی زیاتری خاکی سووریە.لەھەمانکاتدا ڕووسیا باش لە مەترسیەکانی تورکیە و ئێران تێدەگات لەمەر بەھێزبوون و دامەزراندنی نیمچە حکوومەتێکی خۆسەری کورد لەو بەشەی کوردستاندا.چۆن تەواویی دژایەتی و ناکۆکییەکانی تورکیە لەو کانییەوە سەرچاوە دەگرێت و تورکیە بەھیچ شێوەیەک ناخۆازی قەبووڵی ستاتۆیەکی دیمۆکراتیکی کورد بکات لەتەنیشت سنوورەکانی خۆیدا.بۆیە ھەتا ئێستا دەستی لە ھێرش و داگیرکارییەکانی لەسەر کوردستانی سوریا ھەڵنەگرتووە و بەردەوام بیانوو و پاساویی ئەوەش دێنێتەوە کە ناوچەی زیاتر داگیر بکات بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ کوردستانی سوریا و سووریەدا.
ئەو پرسە بۆتە خاڵی دەستپێکی ناکۆکییەکانی تورکیە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوادا.ھەرچەندە ناتووانین پرسی ئابووری جیا بکەینەوە لە زیادەخوازی و ھێرش و تاڵانکارییەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستانی سوریا،چۆن یەکێک لە ئەندازیارانی سیاسەتی ئاکپارتی،”عەلی باباجان”کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە حیزبەکەی ئەردۆغان جیابووە و لەدوای جیابوونەوە بۆتە جەمسەرێکی بەھێزی ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و ستراتیژی ئابووری ئاکپارتی و ئەردۆغان.
زۆربەی جاران باسی ئەوە دەکات،لە سەردەمێکدا کە بۆ خۆی وەزیری ئابووری تورکیە بووە،ڕێگری کردوە لە ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆانی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیە،بەدەستووری ڕاستەوخۆی ئەردۆغان،بەھۆی تێچووی ئابووری زۆر و قورسایی دروستکردن لەسەر دۆخی ئابووری ژیانی خەڵکی تورکیە بەگشتی.بەڵام ئەردۆغان ناچار بوو “عەلی باباجان” لەسەر پۆستەکەی دوور بخاتەوە و کەسێکی تر کە دەبێتە زاوای خۆی کردە وەزیری ئابووری تورکیە و لەو سەردەمدا تەنیا لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا،زیاتر لە ((١٢٨ ملیار دۆلار لە پاشکەوتی پارەی بانکی ناوەندی تورکیەی بوو بە دووکەڵ و تەپوتۆز.بەڵام سەرەڕای تێچوویەکی زۆری ئابووری تورکیە “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان” دووبارە دەستبەرداری ھێرش و داگیرکاری لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان نەبووە و بەردەوام باس لە داگیرکردنی دوبارەی کۆبانی و گردێ سپی و سەریکانێ دەکات.بەڵام ئەوەش تەنیا تاکتیکی شەڕ و ھێرشەکەی ئاشکرا دەکات و ئەردۆغان و سوپای تورکیە دەیانەوەی سنوری ھێرشەکانیان بەرفراوانتر بکەن و ناوچەکانی مەنبج و تەڵڕەفعەت و ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی فۆراتیش بەتەواویی دەست بەسەردابگرن.
ئەگەر تورکیە بتووانی سەرەڕای ھەموو دژایەتیەکانی،ئۆپەراسیۆنی نوێ ئەنجامبدات و ئامانجەکانی خۆی بپێکەی و ئەو ناوچانە داگیر بکات وئەگەر تورکیە ئەو جارە سەرکەوتوو بێت لە ھێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستانی سوریا،سەرەڕای ھەموو دژکردەوەکانی کۆمەڵگەی جیھانی ئەوە دەبێتە ھۆی مەترسی لەناوچوونی یەکجارەکی حکومەتی خۆسەری لە کوردستانی سوریا و داگیرکردنی تەواویی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی فۆرات و پاکردنەوەی ئەو ناوچەیە لەتەواویی ھێزە کوردییەکان و ئەو ناوچانە بەتەواویی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارە تەکفیرییە تیرۆریستیەکانی سەر بەداعش و ئەرتەشی ئازادی سووریە کە تەواویی پێداویستیەکانی رۆژانەی خۆیان لە تورکیە وەردگرن و پاڵپشتی تەواویان ھەیە لەلایەن ئەنکارا.