محمد رسول چراغی
هه‌ر به نێوی ئه‌و خودایه‌ی ئاسمانی به بێ راگر راگرد، زه‌وی به‌و هه‌موو پیت و فه‌ڕه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌سته‌مۆ کرد، مرۆی له خاک و فریشته‌ی له نوور و جنۆکه‌ی له ئاگر ئافریده کرد، کاتێ مرۆی چێ کرد، فه‌رمانی به فریشته‌کان کرد، تا هه‌موویان کڕنۆشیان بۆ ئاده‌م برد، فه‌رمانی خودایان جێبه‌جێ کرد، جگه له ئیبلیس که خۆی که‌ر کرد، خۆی به گه‌وره زانی و کڕنۆشی بۆ ئاده‌م نه‌برد، بۆیه نفرینی خودای بۆ خۆی ره‌وا کرد، خودا‌ش له قاپی سۆز و به‌زه‌یی خۆی به بێڕێزی ده‌ری کرد.
درود و سڵاو له گیانی پاکی پێشه‌وای موسوڵمانان حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌د که مرۆی بۆ رێگای راسته‌قینه بانگهێشتن کرد، ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی وا به ئه‌خلاقی جوانی ئایینی یه‌کخودا په‌رستی و ته‌وحیدی به دونیادا بڵاو کرده‌وه، سه‌رشۆڕی و خه‌جاڵه‌تی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی رێگه‌ی ئه‌ویان نه‌گرد. هه‌روه‌ها درود و سڵاو له گیانی یارانی و شوێنکه‌وتووانی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره که له رێگای ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا گیان و ماڵیان به‌خت کرد. هه‌روه‌ها سڵاو له گه‌لی کورد که له ده‌ستپێکه‌وه رێگای پاکی و راستی ئایینی ئیسلامیان گرد.
له‌لایه‌ن بناغه‌ی کورده‌وه گه‌لێ که‌س لهرۆژهڵات ناسه‌کان و له‌زاناکانی رۆژهڵاتیش لێوه دواون، به‌ڵام ئایا باسه‌که گه‌یێنراوه‌ته ئه‌نجام به جورێکی وه‌ها که به پاککراوی له‌به‌رده‌م پیاودا دایبنێن یا نه‌ء؟ ڕه‌نگبێ نه‌بوبێت، چونکه جارێ مێژوونووسه‌کانی ئیسلامی و عه‌ره‌ب هه‌ریه‌که به جۆرێ پیشانیان داون! سه‌یر ئه‌که¬یت یه‌کێکی وه‌کوو «مه‌سعوودی» ده‌مێک ئه‌لێ: «له به‌چکه دێوه‌کانی ده‌وری سڵێمان پێغه‌مبه‌رن!»، ده‌مێک ئه‌ڵێ: «له‌پاش ماوه‌ی ئه‌و ئادهمیزادانەن که ئه‌کران به خۆراکی ماره‌کانی سه‌ر شانی زوحاک!»، ده‌مێکیش ئه‌ڵێ: «له‌نه‌ته‌وه‌ی سه‌عسه‌عه‌ی کوڕی نزاری کوڕی «مه‌عد»ن وه سه‌رچاوه‌یان ئه‌چێته‌وه سه‌ر غه‌سسانی!»، له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئەڵێ: «له نه‌ته‌وه‌ی ئه‌سفه‌ندیار و مه‌نووچهرن!»، که‌ئه‌مانه فارس بوون.«ئیبن حەوقەل» ئه‌ڵێ: «کوردی کوری ماردی کوری عه‌مرا». «تەبەری» و «فه‌یروز ئابادی» به‌و رێگه‌یه داچون: که گوایه ئه‌مانه ئه‌چنه‌وه سه‌ر کوردی کوری عه‌مری موزیقیاء. ورده ورده سه‌ره‌و ژوورئهبنهوه بۆ «یەعرب»ی کوری «قەحتان» و له‌وێوه بۆ سامی کوری نۆح. خاوەنی «لیسانو لعەرب» دەڵێ:کورد به «بۆر»ی «کاف»ەکەی نهسڵێکن له مرۆڤ ناسراون. کۆیه‌که‌ی ده‌بێته ئەکراد.
به شێعر گووتراوه: لَعَمرُکَ مَا کُردٌ مِنَ ابناءِ فَارِسَ – وَ لَکِنَّهُ کُردُ بنُ عَمروٍ بنِ عَامِرٍ سوێند به گیانی تۆ کورد کوڕی فارس نییه بـه‌ڵام کورد کوڕی عه‌مری کوڕی عامیره. نووسه‌ری «ئەتلەسی تاریخو لئەنبیاء و روسول» ده‌ڵێ:کورد کوڕی ئێرانی کوڕی ئاشوری کوڕی سامه.حسن عمید ده‌ڵێ:کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاریاییه که له ناوچه‌ی رۆژئاوای ئێران و له عێراق و تورکیا و سووریا دا ده‌ژین، و به سه‌ر چه‌ند تایفه‌دا دابه‌ش ده‌کرێن. کورده‌کان زۆر جوامێر و وڵاتپهروهرن زۆربه‌یان به زمانی کوردی که زاراوه‌یه‌که له زمانی پاله‌وی ئاخاوتن ده‌که‌ن و سوننه مهزهبیشن، تایفه به‌ناوبانگه‌کانیان بریتین له ئه‌رده‌ڵان، زه‌نگه‌نه، سنجابی، شکاک، که‌ره‌ند، که‌لهوڕ، کلیایی و موکری.دۆکتۆر موحەممەد موعین دەڵێ:کورد تایفه و نهتهوەیهکی ئاریاییه که له زنجیره چیاکانی رۆژئاوای ئێران و عێراق و تورکیا و باکوری سووریا ژیان به سه‌ر ده‌به‌ن. گروپ و تاقمێک له کورده‌کان له خۆراسان و فارس و یه‌کیه‌تییه‌کانی سۆڤییه‌ت (ئازربایجان، ئه‌رمه‌نستان و گورجستان) ده‌ژین.
نژاده‌که‌یان له نژاده کۆنه‌کانه و چه‌ند سه‌ده به‌ر له زایین له زنجیره چیاکانی زاگرۆس نیشته‌جێ بوون. کورد بریتییه له چه‌ندین تایفه که بریتین له موکری، گۆران، که‌لهوڕ، سنجابی، قوبادی،زه‌عفه‌رانلو، بارزانلو، شادلو. به یه‌کیک له زمانه کۆنه‌کان قسه ده‌که‌ن و سه‌رباری ئه‌م جیاوازیانه که له شێوه زاراوهکهیاندا به‌دی ده‌کرێ هه‌موویان له یه‌ک ره‌چه‌ڵه‌کن. له فەرهه‌نگی دێهخودادا ده‌ڵێ:کورد: نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی دانیشتووی ئێران، تورکیا، عێراق قه‌فقازه.
مەردووخی کوردستانی له فه‌رهه‌نگه‌که‌یدا ده‌ڵێ:کورد: گەلێکن لەرەگهزی ئاری.عبد الرحمن شرفکندی (هەژار) له هەنبانه بۆرینه دا ده‌ڵێ:کورد: گەلێکی قەدیمییه له ئاسیا دەژی. فەرهەنگی فارسی- کوردی دانشگاه کردستان ده‌ڵێ:کورد: نەتەوەی سپی پێستی زاگەبەری نێوچۆمان و دەوروبەری. ره‌گه‌زی کورد ئارییه. وشەی ئاری له «ئار» و «یی» پەیدا بوه له زمانی کوردی‌دا «ئار» مانای ئاوره. هەروه‌ها «ئایر، ئاور، ئاهر، ئاتر، ئاگر» هەمویان له کوردی‌دا به مانای ئاوره «ئاریان» به مانا «ئاورپەرستەکان»ه چون که ئه‌م کۆمه‌ڵه هه‌موی ئاور پەرست بون بویه پێیانیان گوتووه «ئاری».له مێژووی کورد و کوردستاندا ده‌ڵێ: کورد له نژادی ئارییه و له فارسه‌وه نزیکه وه‌کوو دوو چڵی دارێک بن وایه.
«چیا» به کوردی و به کورتی دەڵێ:کورده! «کورد» مانای «گورد»ه بیزانه
یــانی پاڵـه‌وان لـه روی زهمـانـه کوری «ئیران»ن نه‌ته‌وه‌ی «نـوح»ن
خــــاوه‌نی مێژوون لـە ئـه‌م «ئێران»ه ژماره‌ی کورد، کوردستان، ئایینی کورد، په‌یمانی خزمه‌تگوزاری کورد بۆ ئیسلام
وێڕای ئه‌و گشته پێشکه‌وتنه گه‌لی کورد له به‌ر په‌لپه‌ل بوون و بڵاوه پێکردنی هه‌نووکه‌ش ژماريهیهکی راستی بۆ هه‌ژیمه‌تی له به‌ر ده‌ستدا نییه هه‌رچی وتراوه یان له لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانه‌وه‌یه که له به‌ر هه‌ندێ هۆکار جێی متمانه نییه یان له لایه‌ن که‌سانێکی دیکه‌وه که له ڕووی مه‌زه‌نده و گۆتراوه. لێره‌دا ئه‌م ئامار و رێژه‌یه له ساڵنامه‌ی کوردستانی «علەیکەندی» که له هه‌ولێر له ساڵی (2011ی ز)دا چاپ کراوه بریتیە لە ٤٤٦٥٠٠٠٠ چل و چوار میلیۆن و شەشسەد و پەنجا هەزار کەس.
کوردستان ولاتێکی شاخاویه، هه‌تا بەرەو شیمال و روژ هه‌ڵات بروا، هه‌ر به‌رز ئه‌بێته‌وه، تا ئه‌گاته کێوی ئارارات، که روی کرده جنوب و جنوبی رۆژ ئاوا ئه‌مجا ورده وردە نزم ئه‌بێته‌وه. کێوه‌کانی شێمال هه‌مو جه‌نگه‌ڵستان و شی‌و و دۆڵن، پڕیانه له کانی و ئاو و دێهات، کێوەکانی ڕوژ ئاوای زیاتر ئه‌وانه به‌سه‌ر سنووری ئێران و تورکیادان بێ دارستان و به‌رده‌ڵانن، ئینجا هه‌تا به‌ره‌و ڕوژ هه‌ڵات بڕوا، ده‌ست ئه‌کاته‌وه دارستان.
کێوه‌کان به زستانا هه‌موو به‌فر ئه‌ده‌ن بهسریانا، به‌هۆی باران و به‌فره‌وه زۆرتر ڕووباره‌کانی ڕوژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خواره‌وه له‌و پێک دێن. هه‌مو کوردستان چ کێو، چ ده‌شت پڕیه‌تی له‌کان(معدن)ی نه‌وت، ئاسن، زێو، زێر، گۆگرد، خه‌ڵوزی به‌رد، قه‌ڵایی، چیمه‌نتۆ، پۆڵا، له‌حم، گەچ، قسڵ و…کوردستان له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش که شاخ و داخه، له پێش هه‌موو شتێکدا شوێنی کشت و کاڵ و ماڵاته، به تایبه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ی که‌هه‌وا سازگاره، باغ و بێستان و هه‌موو جۆره داری به بەری تێدایه. کوردستانه‌که‌مان له کشت و کاڵ‌دا ئه‌مانه‌ی هه‌یه: گەنم، جۆ، برینج، په‌ڕشه، گه‌نمه‌شامی، زۆڕات، هه‌رزن، نۆک، نیسک، ماش، کونجی، فاسولیا، لۆبیا، لۆکه، په‌تاته، چه‌وه‌نه‌ر، پیواز، سیر و … .کوردستان لهمیوەدا ئه‌مانه‌ی هه‌یه: ترێ، گوێز، سێ‌و، به‌هێ، هه‌نجیر، هه‌نار، هه‌رمێ، قەیسی، قۆخ، بادام، توو، فنق، زه‌یتوون، هەڵوژه، گێلاس، بڵاڵوک، مێوژ، سنجو، خورما، پرته‌قاڵ، لیمۆ، نارنج،…کوردستان لهماڵاتدا ئه‌مانه به‌خێو ده‌کات: ئه‌سب، ئێستر، که‌ر، گا، گامێش، مه‌ڕ، بزن.
کوردستان له‌په‌له‌وه‌ردا ئه‌مانه به‌خێو ده‌کات: مریشک، مراوی، عه‌لی شیش، قاز و… کورد هه‌مووی «موسولمان»ه هه‌ندێ «یه‌زیدی» نەبێ که‌له‌سه‌ر ئایینی کۆنی کورد ماونه‌ته‌وه، موسوڵمانه‌کان هه‌موی «شافیعی» مه‌زهه‌بن، بێجگه له‌هه‌ندێ «شێعه» نه‌بێ. له‌و رۆژه‌وه «جابان»گاوانی کوردی شاره‌زووری قه‌فی گۆچانه‌که‌ی به قوڵیدا کرد، پوزه‌وانی له لاقی هه‌ڵکێشا و فه‌ره‌نجیکه‌ی له به‌ر کرد، بۆ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر رێگای شاری مه‌دینه‌ی گرد، گه‌یشته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر و بڕوا و ئیمانی هێنا و بوو به هۆی شانازی کورد، کوردیش په‌یمانی خزمه‌تگوزاری بۆ ئیسلام واژۆ کرد، هه‌زاران زانا و پسپۆڕ له نێو گه‌لی کورددا خزمه‌تی خۆیان به ئیسلام ئاراسته کرد.
کاتێ گاوانی کوردی بیستی حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه، له شاری مه‌دینه‌ی پیرۆزدا خه‌ڵک بۆ لای خودا بانگ ده‌کات، خێرا گاوانی کوردی پوزه‌وانی له لاقی هه‌ڵکێشا و فه‌ره‌نجیکه‌ی له به‌ر کرد و قه‌فی گۆچانه‌که‌ی به قولیدا کرد، و به‌ره‌و شاری مه‌دینه بۆ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر به رێکه‌وت.
ده‌چێته شاری مه‌دینه و به خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر ده‌گات ئیمان و بڕوا به پێغه‌مبه‌ر و ئایینه‌که‌ی دێنێ، ماوه‌یه‌ک له خزمه‌ت پێغهمبهردادهمێنێتهوه و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان.هێزه تایبه‌تییه‌کانی «کسری» هه‌ر هه‌موویان کورد بوون و ژماره‌یان پێنج هه‌زار سه‌رباز بوو، «دێلم» سه‌رکردایه‌تی ده‌کردن، جا بۆیه «کسری» ئه‌و کوردانه‌ی کردبوونه پاسه‌وانی تایبه‌تی خۆی، چوونکا متمانه‌ی به فارسه‌کان نه‌ده‌کرد، ئه‌وه بوو جابان له مه‌دینه گه‌ڕاوه خۆی گه‌یانده ناو ئه‌و هێزه تایبه‌تییه‌ی «کسری» بۆ ئه‌وه‌ی بیکات به موسوڵمان.
لەشکری ئیسلام لە قادسیە له ساڵی «15»ی کۆچی له‌شکری ئیسلام به سه‌رکردایه‌تی «سەعدی کۆڕی وەققاس» له «ئەلقادسیه»دا رووبه‌رووی له‌شکری کافره‌کانی «فارس» بوونه‌وه که «رستم» سه‌رکرده‌یان بوو، له ناکاو «سەعد» بینی: هێزێکی فارسی ده‌یهه‌وێ به ده‌وری له‌شکری ئیسلامدا بسووڕێته‌وه، «سەعد» که ئه‌و له‌شکره‌ی بینی یه‌کسه‌ر فه‌رمانی دا هێزێکی سوارچاکی به‌ره‌و ئه‌و له‌شکره بچێ. کاتێ هێزه‌که‌ی ئیسلام گه‌یشته لای هێزه فارسییه‌که، ئه‌وان زۆر به گه‌رمی سڵاویان لێکردن و گووتیان ئێمه برای ئێوه‌ین و ماوه‌یه‌کی زۆره موسوڵمان بووین و چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژه‌مان ده‌کرد، ئێوه سه‌بر بگرن تا به ته‌واوی ده‌سووڕێینه‌وه، ئنجا ده‌بینین چی به سه‌ر له‌شکری «رستم» دێنین.
ئه‌م هێزه «رستم» و له‌شکره‌که‌یان تێکشکان و بوون به پاڵپشتی له‌شکری ئیسلام.ئه‌م هێزه هێزی تایبه‌تی «کسری» بوو و هه‌ر هه‌موویان کورد بوون، «کسری» نه‌یده‌زانی هه‌موویان موسوڵمان بوون له ئه‌نجامدا «رستم» کوژرا و له‌شکری «فارسی کسرا» به‌ره‌و ئێران رای کرد.ئه‌م هێزه کورده به‌هێزه تێکه‌ڵی هێزی ئیسلام بوو و پێی ده‌گووترا «حەمرائی دەیلەم» پاشان له‌شکری ئیسلام به کورد و عه‌ره‌به‌وه فارسیان راونا و ناوچه‌کانیان له ژێر ده‌ستی ئه‌وان رزگار کردن، تا «ئەلمەدائن» و «جلەولاء» و «حەلوان» گشتی رزگار کران، ئه‌وه‌ش به هۆی جابانی کوردییه‌وه بوو. «سەعد کۆڕی وققاس» موژده و چۆنیه‌تی ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه بۆ ئیمام عمر نارده‌وه بۆ «مدینه».
پاشان ئیمام عمر فه‌رمانیدا «سەلمانی فارسی» بکرێته فه‌رمانڕه‌وای «ئەلمدائن» و فه‌رمانیدا دوو پیاوی کورد له لهشکرهکەی «حەمرائی دەیلەم» بکرێته فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمه کوردییه‌کان: یه‌کێکیان له «جلەولاء» ئه‌وی دیکه‌ش له «حەلوان» ئه‌مه‌ش ده‌سکه‌وت و به‌رهه‌می «جهاد»ی نهێنی بوو، که جابانی سه‌حابی و «دەیلەم»ی تابعی سه‌رکردایه‌تیان کردبوو.
له به‌ر ئه‌وه جابان له رووی پاکی و راستی و دڵسۆزیی و خواسته‌وه بڕوای هێنا بوو، بۆیه هێنده له ئایینی ئیسلام دڵخۆش بوو، کوڕه‌که‌ی نێو ده‌نێ «مەیمون» ئه‌مه‌ش ئاماژیه به‌وه که ئیسلام پیرۆز و موباره‌که، که‌وابوو جابان خۆی سه‌حابه‌یه و کوڕه‌که‌شی «مەیمون» له چینی «تابعین»ه و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ریشی له باوکییه‌وه گێڕاوه‌ته‌وه.ئیمام موحه‌ممه‌د غه‌زالی ده‌فه‌رمووێ: خودای گه‌وره ئایینی ئیسلامی له سه‌ر سێ کۆڵه‌که دامه‌زراندووه، ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ کۆڵه‌که نه‌با له‌وانەبوو ئایینی ئیسلام بروخابایه، ئه‌و سێ کۆڵه‌که‌ش کوردن و بریتین له: یه‌که‌م: «ئیبن سەلاح»ی شاره‌زووری که گه‌وره‌ترین زانای «عیلمی حەدیس»ه. دووهه‌م: ئامێدی.سێهه‌م: دینه‌وه‌ری. ئه‌گه‌ر ده‌ڕوانیته زانایانی ته‌فسیر «مەحموودی ئالوسی» ده‌بینی، ئه‌گه‌ر ده‌چییه خزمه‌ت «عیلم حەدیس» «ئیبن سەلاح» ده‌بینی، ئه‌گه‌ر ده‌چییه کۆڕی مێژوونووسانه‌وه «ئیبنولئەسیر» و «ئیبنو خەلەکان» دیاره، ئه‌گه‌ر ده‌چییه نێو کۆڕی زانای «ئوسولولفیقه و سەرف و نەحو و کەلام و فیقه و تەعبیر»ه‌وه ئه‌وه چاومان ده‌که‌وێ به «ئیبنولحاجب و ئیبنولحاج و ئیبنوسیرین و ئەبولفیداء و بیتوشی و ئەبوبەکر موسەنیف و شیخ عەبدولقادر موهاجر» ئه‌گه‌ر ده‌چییه کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی قورئان خوێنه‌کان و گوێ له ده‌نگه خۆشه‌کانیان ده‌گری بێگومان چاوت ده‌که‌وێت به «عەبدو لباست عەبدولسسەمەد» و ئه‌گه‌ر ده‌چییه ناو باغچه‌ی پڕ له گوڵی مێژووناس و کۆمه‌ڵناسی پسپۆڕی به نێوبانگ «مەحمود لعەققاد» ده‌بینی.
که‌وا بوو گه‌لی کورد به زۆر لێکردن موسوڵمان نه‌بووه وه‌ک کۆمه‌لیک دەڵێن چوونکه ئه‌گه‌ر ده‌چییته کوردوستان ئایینه‌کانی پێش ئیسلام له سه‌ر ئایینی خۆیان ماونه‌ته‌وه که‌نیسه‌کانیشیان نه‌ڕووخێنراوه هه‌ر له نزیک ئه‌وانیش موسوڵمانان مزگه‌وتیان هه‌یه، یان کاتی سوپای ئیسلام گه‌ڕاوه بۆ عه‌ره‌بستان کورده‌کان هەر به موسولمانی ماونەتەوه و ناوی ئیسلامیان له منداڵه‌کایان ناوه و زیاتر مزگه‌فتیان بینا کردوه.
هه‌زاران زانایشیان پێشکه‌ش به ئیسلام کردوه. یان ئه‌گه‌ر زێدی کوردستان گۆرستانه‌کانیان سه‌یر ده‌که‌ی یان ده‌نگی «الله اکبر»ی مزگه‌وته‌کانیان دەبیستی هه‌موو به‌ڵگه‌ن له سه‌ر ئه‌وه که کورد به ناچاری موسوڵمان نه‌بوو به خواستی خۆی بڕوا و ئیمانی هێناوه. بە پێی لێکۆڵیەوەی خۆم لە سەر چاوە موتمانە پێ کراوەکان، هەر شەرێ پێغەمبەر یا یارانی کردویانە دیفاعی بوو‌و، هەرگیز شەر لە لایەن پێغەمبەر و یارانی دەستی پێ نەکراوە، بەڵام بۆ بەرگری و پاراستنی دینی ئیسلام شۆرشی کردوە، هەروەکوو هەموو گەلێک بۆ مان و بونی خۆی خەبات دەکات.
خوای مەزن لە سورەی بەقەرە ئایەی 190 دەفەرموێ شەر لەگەڵ کەسانێ بکەن کە شەرتان لە گەڵ دەکەن دەست درێژی مەکەن. ئیسلام لە گەڵ کەسانی شەر دەکات کە شەرکەرن و پێشی پەیامی خۆدا دەگرن.
ئەوەش بڵێم قورئان زانای تایبەتی دەوێ لێی تێبگات بۆ هەموو کەس نابێت، ئێستە ێیسلام ستیزان یا ێیسلام گریزان رەخنە دەگرن یا لە ڕووی دوژمنیەوەیە، یا لە رووی جەهل و نەزانینەوەیە بە دینی ئیسلام و قانوون و یاسای زمانی عەرەبی، بۆ وێنە مادەی (قتل) واتە کوشتی بەڵام (قاتل) واتە شەڕی کرد، پاشان قورئان عام، خاس، زاهیر، موئەوەل، موتڵەق، موقەییەد و… ی هەیە بۆ زانای تایبەت نەبێ نابێ.