سایر

پیرە هەڵۆ

*سوارە ئیلخانیزاده

پاییزه ، دار و دەوەن بێ بەرگه
دڵ پـەشۆکـاوی خـەیاڵی مەرگـه

هەر گەڵایێ که له دارێ دەوەرێ
نووسراوێکه به ناخۆش خەوەرێ

تاو هەناوی نیه وا مات و پەشێو
لـەشی زامـاری دەکێـشـێته نـشێـو

رۆژپەڕه ، سارده کزەی بای زریان
کاته بۆ ژینی له دەس چوو ، گریان

دڵی پڕ بوو له پەژاره و له دڵۆ
ژینی خۆی هاتەوه بیر پیرەهەڵۆ

به قسه خۆشه ، مەترسی مردن
تاڵه ئەو هەستی به مردن کردن

کاتی کۆچ کردنه ، وەختی سەفەره
داخەکەم، سەختی نەمانم لەبەره

هەر بینا هات ئەجەل و من مردم
با له شیوێ پەڕ و باڵی بردم

تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ؟
بۆ لەشی ساردەوه بوو تینێ بێ؟

تۆ بڵێی ئەو خەوه هەستانی بێ؟
یانه ئەو قافڵه وەستانی بێ؟

مەرگه دێ و دوا بە هەموو شت دێنێ
هەموو ئاواتێ له دڵ دەستێنێ

پاشەرۆکێکی بکەم لەو باخه
تاکوو باڵ و پەڕی من پەرداخه

هەر بڕۆم نابەڵەد و بێ سەر و شوێن
دیار نیه خێڵی هەڵۆیان لەکوێن

شارەزای ڕێگەیی مردن کێیه؟
چیه ئەو مەنزڵه، کوێنەی جێیه؟

نابمه ڕێبواری کەلی هات و نەهات
چارەکەم بەشکوو ئەوا هات و نەهات

خۆی به خۆی گوت که دەچم بۆلای قەل
کەیخودای پیر و بەبیری گەلی مەل

هەڵفڕی ڕاوکەری زاڵی کەژ و کێو
له چیای بەرزەوه ڕویکرده نشێو

کەوته ئەو دەشته له ترسا تەق و ڕەو
دەرپەڕی کوڕکوڕ و کڕ مایەوه کەو

هاته لای قەل بەکزی و بێ وازی
قەل گوتی: مامه هەڵۆ، ناسازی؟

گوتی قاڵاوه ڕەشەی پسپۆڕم
پیرم و پێیه له لێوی گۆڕم

باخی ژینم به خەزان ژاکاوه
کاتی مەرگەو ئەجەلیش ناکاوه

پێم بڵێ، چۆنه کەتۆ هەر لاوی؟
زۆر به ساڵ پیری، بەڵام چا ماوی؟

هێزی ئەژنۆم نیه، باڵ بێ هێزه
هەموو گیاندارێ ژیان پارێزه

قەل گوتی: باشه که گوێ ڕادێری
پەندی من پاکی به دڵ بسپێری

ئەو دەمەی بابی بەهەشتی من مرد
دوور له تۆ، دەرد و بەڵای ئێوەی برد

پێی گوتم ڕۆڵه هەوای ڕاز و نزار
هەیەتی دەرد و نەخۆشی به هەزار

دێق و زەردوویی و ئاهو و وەرهەم
به گژەی بای به قوەت دێن بەرهەم

گۆشتی کەو چەنده که تام داره به ناو
هەنگ و هاڵاوێ دەهەنوێته هەناو

تا وزەی بیر و خەیاڵ سەردەکەوی
که له گۆڕ کەوتی وەها دەردەکەوی

پەین و پاڵێ که له پاڵی دێیه
مەنزڵی نۆکەری خۆتی لێیه

کەره تۆپیو و کەلاکی گوێلک
هەڵمی دڵ روون کەرەوەی سەر گوێلک

پێکەوه چینه بکەین لەو پەینه
بۆی سەنێر مەڵهەمی بیر و زەینه

ورد بەوه چەنده به مانا قووڵه
مەسەله و گفتی قەلی ماقووڵه

بیکه سەرمەشقی ژیان ئەو ئیشه
هەر له سەر داری نەوی هەڵنیشه

هاتەوه بیری هەڵۆ ڕابردووی
پاکی بۆژانەوه یادی مردووی

گوڵ کرا ڕاخەر و پایەندازم
چەنده ئاژوا لەشی کێو ئاوازم؟

چەنده ڕوانیومه زەوی لەو بانه؟
کێو و دەشت لەو سەرەوه چەند جوانه؟

چەند چکۆلەن پەلەوەر لەو بەرزه؟
ئاخ که چەند خوێڕیگره ئەم عەرزه؟

چەنده ڕاوی کەو و کەوباڕم کرد؟
دوژمنی تاقمی شمقارم کرد؟

کۆلکەزێڕینه وەکوو تاقی زەفەر
ئاسمان بۆ منی بەست کاتی سەفەر

حەوتەوانان بوو میداڵی شەڕی من
چەنده شۆراوه به خوێن شاپەڕی من

ئێسته بۆ وا ڕەبەن و داماوم؟
من هەڵۆ چاو له دەمی قاڵاوم؟

ساکه ئەو کاره وەها ساکاره
مەرگه میوانی گەدا و خونکاره

هەوری ئاسمان بێ خەڵاتم باشه
با لەشم خاشه بکێشن باشه

گوتی وا ژینی درێژ پێشکەشی خۆت
گۆشتی مردارەوه بوو هەر بەشی خۆت

ژینی کورت و به هەڵۆیی مردن
نەک پەنا بۆ قەلی ڕوو ڕەش بردن

لای هەڵۆی بەرزه فڕی بەرزه مژی
چۆن بژی شەرته نەوەک چەنده بژی

 

مشاهده بیشتر

نوشته های مشابه

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا